چەند ماتۆڕسوارێک لەسەر شەقام سەرکێشیان کرد و نمایشی مەترسیداریان ئەنجامدا - وێنە؛ هاتوچۆی هەولێر
ئاگاداربن
رێنمایی توند بۆ ماتۆڕسواران دەرکرا
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى گشتیى هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێنمایی نوێ و گرنگیان بۆ ماتۆڕسواران بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پابەندبوون بە یاسا و رێکارەکانی سەلامەتی دەکەنەوە، جەختیشکراوەتەوە کە هەر سەرپێچییەک بەبێ چاوپۆشی رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
گرنگترین رێنماییەکان:
1. مۆڵەتی شۆفێری: هەموو ماتۆڕسوارێک دەبێت هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بێت، کە دەتوانرێت لەدوای تەمەنی 16 ساڵییەوە داواکاری بۆ پێشکەش بکرێت.
2. تۆمارکردن: پێویستە ماتۆڕسکیلەکە بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە تۆمار کرابێت.
3. کەرەستەی خۆپارێزی: بەکارهێنانی کڵاوی سەرپارێزی (کاسک) کوالیتی بەرز، هەروەها دەبێت کەلوپەلی دیکەی وەک (دەستکێش، پارێزەری ئەنیشک و ئەژنۆ، پێڵاوی تایبەت و جلوبەرگی گونجاو) بەکاربهێنرێت.
4. پابەندبوون بە یاساکان: پێویستە ماتۆڕسواران بەتەواوی پابەندی یاساکانی وەک (وەستان لە ترافیک لایت، سنووری خێرایی، بەکارنەهێنانی مۆبایل) بن و لەکاتی پێچکردنەوە ئاماژەکان بەکاربهێنن. هەروەها دەنگی بڵندی ساڵۆنسا (ئاگزۆز) قەدەغەیە.
5. وریایی لە نزیک قوتابخانەکان: لە کاتی وەرزی خوێندندا و لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن، پێویستە خێرایی کەم بکرێتەوە بۆ پاراستنی ژیانی خوێندکاران.
6. شۆفێری لە کەشی نالەبار: لە کاتی باران و بەفر و با، دەبێت زۆر بەوریایی شۆفێری بکرێت، چونکە کۆنترۆڵکردنی ماتۆڕسکیل زۆر قورستر دەبێت.
7. سەرنشینی دووەم: بۆ هەڵگرتنی سەرنشین، پێویستە سەرنشینەکەش کڵاوی سەرپارێز بەکاربهێنێت و رێنمایی پێویستی پێ بدرێت بۆ چۆنیەتیی دانیشتن.
8. خزمەتگوزاریی بەردەوام: گرنگیدان بە گۆڕینی رۆن، فلتەر، تەیەی نوێ و پارچەکانی تر، هەروەها پاکڕاگرتنی ماتۆڕسکیلەکە.
9. بینین لە شەواندا: پێویستە لە شەواندا جلوبەرگی ڕەنگ کراوە یان فسفۆری لەبەر بکرێت تا لەلایەن شۆفێرانی دیکەوە بە ئاسانی ببینرێن.