لە ناحیەی تازە خۆپیشاندانە
بەهەردوو ئاڕاستە رێگەی نێوان کەرکوک و بەغدا داخراوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پەیامنێری 964 رایگەیاند، رێگەی سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا بەهەردوو ئاڕاستە، لەلایەن دانیشتووانی ناحیەی تازە – وە داخراوە، ئەوەش بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان.
ئەو بەڕێوەبەرە، هاشم جەوادە لە بەڕێوەبەڕایەتی پەروەردەی کەرکوک کاری کردووە تورکمانە و کەسێکی دیکەیان لە نەتەوەی عەرەب لە شوێنی داناوە.
ئەحمەد یەڵماز، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە 964ـی وت، ئەو پۆستەی ناو بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک پشکی تورکمانە چەندین ساڵە، بەڵام ئەمڕۆ بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک هەستاوە بە دورخستنەوە و دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی کە لە پێکهاتەی عەرەبە، ئێمەیش ئەوە بە مافی تورکمانی دەزانین و رازی نابین.
لەلایەکی دیکە، غەریب عەسکەر پەرلەمانتاری تورکمان و خەڵکی ناحیەی تازە بە 964ـی وت، رێگری کردن و داخستنی رێگای سەرەکی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کارێکی باش نییە، بەڵام پشتگوێ خستنی تورکمان لە فەرمانگەکان خەڵکی تورکمانی کردووەتەسەر شەقام و ئەمە نامەیەکە بۆ سەرجەم بەرپرسانی و حکومەتی عێراقی و سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە، ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو دێتە سەر خەت.
خۆپیشاندەرەکان، تایەیان سووتاندووە و بە دانانی بەرپرست رێگرن لە هاتوچۆی شۆفێران و تا رادەیەکیش گرژی دروست بووە.
ناحیەی تازە دەکەوێتە باشووری کەرکوک و بەدیاریکراوی لەسەر رێگای سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 50 هەزار کەس دەبێت و سەرجەم دانیشتووانەکەی لە تورکمانی شیعە پێک هاتووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا