بەکارهێنانی شەمەندەفەر - وێنە: واع
رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە
شەمەندەفەرەکەی رێگەی گەشەپێدان ساڵی 2031 تەواو دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی گواستنەوە وتی، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی گواستنەوەی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هەروەها پڕۆژەکە تەنیا لە گواستنەوەدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ دروستکردنی رەهەندێکی قووڵی ئابووری.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بەردی بناغەی پلانی ستراتیژی وەزارەتە، گرنگترین پڕۆژەکەی هێڵی شەمەندەفەرە، کە بڕیارە قۆناغی یەکەمی لە ساڵی 2031دا تەواوبێت، ئامانجی زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی کۆنە کە لە بەسرە تا بەغدا درێژدەبێتەوە.
پڕۆژەکە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری خێرا لەخۆدەگرێت کە ساڵانە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 13.8 ملیۆن سەرنشین لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، تا دەگاتە ئەوروپا سوودی لێ دەبینن.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق لەم دواییانەدا پەیوەندی بە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی وشکانی (TIR)ەوە کرد بۆ بارهەڵگرەکان، کە دەکەوێتە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیر بۆ بەستنەوەی بەندەر و فڕۆکەخانەکان بە تۆڕێکی گواستنەوەی یەکگرتوو کە پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی دەکات.
سافی جەختی لەوە کردەوە کە “ئەو هێڵانەی لە ئێستادا بەرەو فوراتی ناوەڕاست و لە بەغداوە بۆ بەسرە لە ڕێگەی پارێزگاکانی باشوورەوە کاردەکەن کارامەن و خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن، بەڵام تەماحەکە لەوە گەورەترە”.