لە هیندستان نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن
رۆژنامەنوسێکی سۆران بەشێک لە جگەری دەبەخشێتە براکەی
964+
ئاکام غەفور – سۆران
رۆژنامەنوسێکی سۆران بەشێک لە جگەری دەبەخشێتە براکەی، سیروان سابیر پەیامنێری شارپرێسە، براکەی پێویستی بە گۆڕینی جگەر هەیە و ئێستا لە هیندستانن، قەرار وایە بەیانی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدەن و بەشێکی جگەری سیروان بۆ زریانی برای دابنێن.
سیروان و زریان خەڵکی برادۆستن، زریان گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە و مامۆستای گرێبەستە، چوار ساڵە تووشی نەخۆشی جگەر بووە، سیروان تەمەنی 33 ساڵە و خێزاندارە، سەرەتای ئەمساڵ دکتۆرەکان پێیان دەڵێن، پێویستە جگەری زریان بگۆڕن، هەربۆیە سیروان پەیمانی برایتییەکەی نوێ دەکاتەوە و بڕیار دەدات بەشێک لە جگەری ببەخشێتە براکەی.
سیروان سابیر بە 964ـی وت، “بۆ رزگارکردنی ژیانی براکەم ناچار بووین جگەری بۆ بگۆڕین، هەرچی تەقەلامان دا، لە هیچ شوێنێک جگەرمان دەست نەکەوت، بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ براکەم سەردانی هیندستان بکەین و لەوێ لە جگەری خۆم پێ ببەخشم”.
وەک باسی دەکات، هەموو رێکارە تەندروستییەکانیان تەواو کردووە و هیچ گرفتێکیان نییە، قەرار وایە بەیانی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدەن، دەشڵێت، “ئەمە بۆ من ئەرکە و شانازییەکی گەورەیە کە بتوانم ژیانی براکەم رزگار بکەم”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری