لە کەرکوک خوێندنی کوردی پشتگوێخراوە
“هەزار قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە چوونەتە خوێندنی كوردی”
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
رێژەی قوتابیان لە خوێندنی کوردی لە بەرزبونەوەدایە و ئەمساڵ هەزار قوتابی لە خوێندنگە عەرەبییەکانی کەرکوکەوە، روویان لە قوتابخانە و خوێندنگە کوردییەکان کردووە، و ئەمساڵ ناوی هەشت هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا تۆمار کراون.
ئەمە قسەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی شارەکەیە و بە مژدەبەخش ناوی دەبات.
کامەران عەلی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە 964ـی وت، ئەمساڵ هەزار قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە بە گشت قۆناغەکانیەوە هاتوون بۆ خوێندنی کوردی، هەروەها ساڵی رابردوو حەوت هەزار قوتابی تۆمارکران بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی، ئەمساڵیش گەیشتە هەشت هەزار قوتابی.
کۆی گشتی خوێندنی کوردی زیاتر لە 100 هەزار قوتابی هەیە بە سەرجەم قۆناغەکانیەوە، لە دوای ساڵی 2014 هیچ قوتابخانە و باڵەخانەیەک بۆ خوێندنی کوردی دروست نەکراوە، ئەو بەڕێوەبەرە وتی، بە بەرنامە خوێندنی کوردی پشتگوێخراوە.
لە خوێندنی کوردی، بینای قوتابخانەمان هەیە چوار دەوامی تێدایە و هەروەها زیاتر لە 40 قوتابخانەمان هەیە لە کەرکوک سێ دەوامی تێدایە، قوتابخانەمان هەیە ناتوانێت قوتابی وەربگرێت لەبەر نەبوونی بینایە، کامەران عەلی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا