تەكسی 964
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ویژدانم ئاسوودەیە و زۆر كەسم لە کوشتن رزگار كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیوای خانەنشین عەبدولخالق تەڵعەت ئاشكرای دەكات، تا ئێستا دەیان كوڕ و كچی گەنجی لە كوشتن بەهۆی كێشە كۆمەڵایەتییەكان رزگار كردووە، دەشڵێت، ویژدانی ئاسوودەیە و بە دڵسۆزی كاری كردووە.
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی هەولێر، سەرنشینی ئەمجارەی پرۆگرامی تەكسی 964ـە، كە ئەرسەلان عەبدوڵا پێشكەشی دەكات و زۆر یادەوەری و باسوخواسی سەرنجڕاكێشی گێڕایەوە.
جەنابی لیوا دەڵێت، ئەو كاتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بوو، زیاتر لە 20 كوڕ و كچی هەر لە ناو ئۆفیسەكەی خۆی مارە كردووە و مەلای بۆ هێناون، بۆ ئەوەی نەكوژێن و كێشەكانی چارەسەر كردوون، كە بەهۆی بابەتە كۆمەڵایەتییەكانەوە كەوتبوونە بنكەكانی پۆلیسەوە.
هەروەها باسی رووداوی هێرشكردنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەگێڕێتەوە، كە لە 2013 لە لایەن گرووپێكی تیرۆریستییەوە ئەنجام درا و دەڵێت، “ئۆتۆمبێلێك لە بەردەممان تەقییەوە و پارێزگاری هەولێریش لە نزیكم بوو”.
لیوا عەبدولخالق هەروەها دەڵێت، ویژدانی ئاسوودەیە و لە هەمبەر رووداوی خۆپێشاندەرانیش لە هەولێر روونیدەكاتەوە، خۆپێشاندان مافی هاوڵاتییانە، بەڵام كاری بە ئامانجی تێكدەرانە قبوڵ ناكرێت.
ئەو پیاوە كە هاندەری سەرسەختی ریال مەدریدە، چیرۆكی دەستگیركردنی ئەو هاندەرانەش دەگێڕێتەوە، كە ئاڵای بارسێلۆنایان بەدەستەوەبوو.