دیمەنی واژۆکردنی رێککەوتننامەکەی عێراق لەگەڵ لوبنان - وێنە: INA
رێککەوتن کرا
عێراق و لوبنان سزادراوەکان بۆ زیندانەکانی یەکتر دەگوازنەوە
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ پێنجشەممە خالد شوانی، وەزیری داد رایگەیاند، رێککەوتننامەی واژۆکراو لەگەڵ لوبنان، رێگە بە سزادراوان دەدات سزاکانیان لە نزیک خێزانەکانیان بەسەر ببەن، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کراوە.
ئەو رێککەوتنە، پەیوەستە بە مافەکانی گیراوان و پەیڕەوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئەوەش بە قسەی وەزیر.
شوانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، رێککەوتننامەی گواستنەوەی سزادراوان لە نێوان عێراق و لوبنان واژۆ کراوە، بەپێی ئەمەش، دوای تەواوکردنی رێکارە دەستوورییە ناوخۆییەکان لە هەردوو وڵاتدا، دەست بە چالاککردنی گواستنەوەی سزادراوانی عێراقی لە لوبنان و هەروەها سزادراوانی لوبنانی لە عێراق دەکرێت.
رێککەوتننامەکە لە چوارچێوەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هات کە پەیوەستن بە مافەکانی گیراوان، و پەیڕەوکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.
شوانی دەڵێ، بە شێوەیەک کە رێگە بە سزادراوانی عێراقی و لوبنانی دەدات ماوەی سزاکانیان لە وڵاتی خۆیاندا لە نزیک خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان بەسەر ببەن، کە ئەمەش کارپێکراوە لە چوارچێوەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم رێککەوتننامانە لە ساڵانی رابردوودا چالاک نەبوون، بەڵام دوای ساڵی 2003 عێراق دەستی بەم ئاراستەیە کرد، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی کە فەرمانگە چاکسازییەکان بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت دوای شەڕی داعش و ئەو تاوانانەی ئەنجامیان دا، جگە لە تاوانەکانی دیکە کە روودەدەن لە زۆری ژمارەی زیندانییەکان.