لەلایەن دادگای کەرکوکەوە
12 گەنجی رەحیماوا سزای زیندانی کردنیان بۆ دەرچوو
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
دادگای کەرکوک بڕیاری زیندانیکردنی ساڵێک زیاتری بۆ 12 گەنجی کاسبکاری بازاڕی رەحیماوە دەرکرد.
بڕیارەکە لەسەر دۆسیەی شەڕێکی دەمەقاڵێ و فیزیکی دەرچووە، کە دوو مانگ لەمەوبەر لەنێوان گەنجەکان و دوو کارمەندی پۆلیسی هاتوچۆدا لەسەر شێوازی پارکرکردنی ئۆتۆمبێلێک روویدابوو.
عەدنان عاسی، یەکێک لە کاسبکارانی بازاڕی رەحیماوەیە بە 964ـی وت، “کێشەکە لە مانگی حەوت دەستیپێکرد، کاتێک شۆفێرێک ئۆتۆمبێلەکەی بەشێوەیەکی ناڕێک پارککردبوو، دوو پۆلیسی هاتووچۆ هاتنە شوێنەکە و بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و دەمەقاڵێ، بە وتەی ناوبراو، پۆلیسەکان سوکایەتییان بە خەڵکی رەحیماوە کردووە و دواتر شەڕەبۆکس لەنێوان هەردوولادا دروست بووە.”
“دوای ئەوەی هەردوو لایەن سکاڵایان لەسەر یەکتر تۆمار کرد، دادگا ئەمڕۆ سزای ساڵێک و مانگێک زیندانیکردنی بۆ دوو گەنج و سزای دوو ساڵ و مانگێکیشی بۆ سێ گەنجی دیکە دەرکرد، هاوکات، هەشت گەنجی دیکە کە خۆیان رادەستی پۆلیس نەکردووە، بەشێوەی غیابی سزای ساڵێک و مانگێک زیندانییان بۆ دەرچووە.” عەدنان عاسی وای وت.
شاخەوان محەمەد، دوکاندارێکی دیکەی ناو بازاڕەکەیە بۆ 964 وتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، بەڵام پێش دەستپێکردنی، پەیوەندییان پێوەکراوە و پێیانڕاگەیەندراوە کە گردبوونەوەکە لە بەرژەوەندیی دەستگیرکراوەکاندا نییە.
بە وتەی شاخەوان محەمەد، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، داوای کردووە کە کاسبکاران سەردانی بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و کاسبکاران تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو مۆڵەتیان داوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.
لای خۆشییەوە لاری نەوزاد، پارێزەری دوو لە گەنجە دەستگیرکراوەکان بە964ـی رایگەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ دادگایی کران لەسەر دۆسیەی دوو پۆلیسەکەی هاتوچۆ، تەنیا پێنج گەنج بوون، ئەو دووانەی بەندە پارێزەریان بووم بە ساڵێک و مانگێک زیندانی کران و سیانەکەی دیکەش، پارێزەری تایبەت بەخۆیان هەبوو بە دوو ساڵ ودوومانگ زیندای کران.
باسی لەوەشکرد، بەهیچ شێوەیەک گوێ بیستی ئەوە نەبووە، کە گوایە هەشت کەسی دیکە دادوەر بەغیابی بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکردبێتن و وتی ئەکەر ئەوە راست بوایە لە دۆسیەکە ئاماژەی پێ دەکرا، تەنیا ئەوەیە پۆلیسەکان دەڵێن لەلایەن زیاتر لە 12 کەسەوە پەلاماردراوین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر