کرێکارێک لە کاتى کارکردندا _وێنە: Hangaw NGO
وەزارەتى کار بڕیاریدا:
“نابێت کرێکار و کارمەندى کەرتى تایبەت موچەى خانەنشینیان لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت”
وریا فەتاح
وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى بڕیاریدا، ئەو کرێکار و کارمەندانەى لە کەرتى تایبەت و دامەزراوەکان کاردەکەن، نابێت کەمترین موچەى خانەنشینیان لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت.
وەزارەتەکە بڵاوى کردەوە، بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی(2012)ـی پارلەمانی کوردستان، بڕیاریداوە کە ئەو کرێکار و کارمەندانەی لە کەرتی تایبەت و دامەزراوەکان کاردەکەن، کەمترین مووچەی خانەنشینیان نابێت لە رادەی هەرە کەمی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەری حکومی بێتە خوارێ.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە (9)ـی ساڵی 2014 هاتوە و بریتیە لە بڕى 500 هەزار دینار، بە پێی ئەو مەرجانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران هاتوە ژمارە (39)ـی ساڵی 1971.
جەختیشکراوەتەوە کە موچەی خانەنشینی پێشەکی نابێت کەمتربێت لە ئاستی کۆمەکی پاراستنی کۆمەڵایەتی.