"خەمى ژینا وەک گڕکانێک لە قوڵایى ناخمان بڵێسە دەکات"
باوکى ژینا پەیامێکى بڵاوکردەوە؛” ژیناى هیوامان فەرامۆش ناکەین”
964+
وریا فەتاح
بەبۆنەى سێیەم ساڵیادى ژیانئاوایى ژینا ئەمینى، باوى ژینا پەیامێکى غەمگینى بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەرگیز نەژینا نە دۆسییەکەى لەبیر ناکەین.
ئەمجەد ئەمینى، باوکى ژینا، لە ستۆرى ئینستاگرامەکەى خۆى نوسیویەتى،” رەنگە ئاسمان کوژانەوەی ئەستێرەیەک و زاگرۆس وشکبوونی لێوەکانی کانییەک، یان سووتانی باڵای داربەڕووە خوێناوییەکانی لەبیر بکات، رەنگە دەریا بەتاڵانبردنی یاقوتەکانی قوڵایی ناخی، کوێستان پەڕ پەڕبوونی گوڵاڵە سوورەکانی لەبیر بکات، بەڵام هەرگیز کوردستان و ئێران، سیسبوون و وشکبوونی جوانی و زەردەخەنەی گوڵەکانی فەرامۆش ناکات”.
دەقى پەیامەکەى باوکى ژینا:
“بەناوی خوڵقێنەری جوانی و ژیان”
بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی مەهسا، ژینای لەبیرنەکراوی کوردستان و ئێران.
رەنگە ئاسمان کوژانەوەی ئەستێرەیەک و زاگرۆس وشکبوونی لێوەکانی کانییەک، یان سووتانی باڵای داربەڕووە خوێناوییەکانی لەبیر بکات، رەنگە دەریا بەتاڵانبردنی یاقوتەکانی قوڵایی ناخی، کوێستان پەڕ پەڕبوونی گوڵاڵە سوورەکانی لەبیر بکات، بەڵام هەرگیز کوردستان و ئێران، سیسبوون و وشکبوونی جوانی و زەردەخەنەی گوڵەکانی فەرامۆش ناکات.
ئێمەش هەرگیز یادی پەپۆلەکانی خەندە لەسەر لێوی گوڵی ژیانمان، ژینای هیوامان فەرامۆش ناکەین.
تێپەڕبوونی رۆژ، مانگ و ساڵە سەختەکان هەرگیز ناتوانێت یاد و بیرەوەری و دۆسیەی ژینای ئازیز و هەموو شەهیدەکانمان لە ژیانماندا بسڕێتەوە.
خەمی لەدەستدانی ئازیزەکەمان، وەک گرکانێک لە قوڵایی ناخمان بڵێسە دەکات و دەمێنێتەوە.
ژن مایەی ژیانە و ژیانیش بێ ئازادی کۆیلایەتییە.
وەک شاعیری کورد، پیرەمێرد دەڵێ؛
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین.
باوکی ژینا، کوردستان، سەقز
15.9.2025
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەناو میترۆی حەقانی پایتەخت، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا،کەسوکارەکەی هەر ئەو کات دەسەڵاتدارانی وڵاتیان بە کوشتنی ژینا تۆمەتبار کرد، رووداوەکەش خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.