هەڵەبجە
نوێنەرى دەرچوانى دانەمەزراو: پارێزگر بڕیاری راگرتنی دامەزراندنی 52 کەسەکەی دا
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دواجار پارێزگارى هەڵەبجە بڕیاریداوە بە راگرتنى پرۆسەى دامەزراندنى 52 کەس کە لە ماوەى رابردوو بۆ دیوانى پارێزگاى هەڵەبجە دامەزراون.
چوار رۆژە، دەرچوانى دانەمەزراوى هەڵەبجە، لە دژى دامەزراندنى ئەو 52 کەسە لەبەردەم بیناى پارێزگاى هەڵەبجە گردەبنەوە.
بیلال عەباس، نوێنەرى دەرچوانى دانەمەزرا، ئەمڕۆ نوخشە ناسح پارێزگارى بینیوە و دواى گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، بڕیاریداوە بە راگرتنى پرۆسەکە.
وەک ئەوەى بیلال باسى دەکات، ئەو 52 کەسە بەبڕیارى تایبەت و بەبێ کێبڕکێ و خاڵبەندى و ئاگادارکردنەوە دامەزراون، کەس نازانێت کێن و چیان تەواو کردووە.
جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر وەڵامى داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، گردبوونەوەکانیان دەبەنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران.
فائیزە فایەق، یەکێک لە ئامادەبووانی گربوونەوەکەى ئەمڕۆ بە 964ی وت:” 13 ساڵە بەشی راگەیاندنم تەواو کردووە، هاتووم داوای مافی خۆم بکەم، چەندین کەس دوای ئێمە تەواویان کردووە و دامەزراون ئێمەش لە ماڵەوەین، داواکارین کە ئەم دامەزراندنە هەڵوەشێتەوە و کەسی شیاو لە جێگەیان دابنرێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح