بەهۆى وشکبوونى سەرچاوەى ئاو
ژمارەیەکى زۆرى ماسى لە سەرچاوەى ئاوى تابین مەترسى لەناوچونیان لەسەرە
964+
وریا فەتاح
هاوڵاتییەکى سنوورەکە، قائیمقامى دوکان لە مەترسى لەناوچوونى ژمارەیەکى زۆر ماسى و پەنجە ماسى لە سەرچاوەى ئاوى تابین ئاگادار دەکاتەوە، قائیمقامیش دەڵێت: هەوڵ دەدەین بیانگوازینەوە بۆ دەریاچەى دوکان.
ئێوارەى دوێنێ، راماڵ چاوەڕێ کە هاوڵاتى و چالاکوانێکى سنوورى دوکانە، لە فەیسبوکەکەى خۆیەوە پۆستێکى کرد و ڤیدیۆیەکى سەرچاوەى ئاوى تابینى بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى سەرچاوەى تابین، مەترسى کەوتووەتە سەر ژمارەیەکى زۆرى ماسى و پەنجە ماسى.
داواش دەکات کە تیمێک بنێرن بۆ سەرچاوەکە بۆ ئەوەى ماسییەکان بگوازنەوە بۆ دەریاچەى دوکان.
وەک ئەوەى رامان باسى دەکات، دیمەنێکی ناخ هەژێنە کاتێك دەبینى ئەو هەموماسیە لەناو چون و ژمارەیەکى تریش خەریکە لەناو دەچن.
ئەم بەیانییە پێش دەستپێکى دەوامى فەرمى، لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ سیروان سەرحەد، قائیمقامى قەزاى دوکان کرد، ئەو وتى،”وا لەرێگەم بەرەو تابین، هۆبەى پەنجەماسى و بەڕێوەبەرى کشتوکاڵیشم ئاگادارکردووە کە بێن بۆ ئەوەى بزانین دەتوانین بەچ شێوەیەک ئەو ماسیانە رزگار بکەین”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، هەوڵ دەدەن بیانگوازنەوە بۆ دەریاچەى دوکان، بەڵام ئەگەر بتوانن لەرووى زانستییەوە کارەکە ئەنجام بدەن، ئەگەرنا وەک کارەساتێکى سروشتى لێى دەڕوانن.
لە سنوورى دوکان، ئەمساڵ ئەوە یەکەم حاڵەتە روودەدات، بەڵام حاڵەتى لەناوچوونى ماسى و پەنجەماسى بەهۆى وشکەساڵییەوە لە زۆر شوێنى دیکەى کوردستان تۆمارکراوە، لەوانە (دەربەندیخان، شارباژێر، رانیە).
تابین، گوندێکە دەکەوێتە سنوورى دوکان، سروشتێکى جوانى هەیە و لەسەر رێگاى دوکان سلێمانى و بەرامبەر چەمى رێزان هەڵکەوتووە.