چوونە دۆڵی ئالانە

گەشتێک بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا رێکخرا و سەیرانێکی خۆشیان کرد

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کەشەکە فێنک بووە و رۆژ رۆژی گەشت و سەیرانە، لەدوایین رۆژەکانی هاوین گەشتێک بۆ نەخۆشانی تالاسیمیای هەولێر رێکخرا و سەیرانێکی خۆشیان لە دۆڵی ئالانە کرد.

ئەمڕۆ شەممە 13.9.2025 محەمەد عوسمان ئەندامی كارگێڕی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر بە 964ـی وت، “گەشتێکی یەک رۆژەمان بۆ 100 کوڕ و کچی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان رێکخستووە”.

باسی لەوەشکرد، لەپێناو سەلامەتی و بەڕێوەچوونی كەشێكی تایبەت، رەچاوی هەموو وردەكاریەك كراوە، ئامبۆلانس لەهەولێرەوە لەگەڵیانە و بەدرێژایی گەشتەكە تیمی پزیشكی ئامادەن و هەموو خواردن و خواردنەوەیەكیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێرەوە دابین كراوە.

تووشبووانی تالاسیمیا لە هەرێمى کوردستان سێ هەزار و 300 کەسن کە هەزار و 156ـیان لەهەولێرن بە ئاوارەکانیشەوە، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان، هەزار و 387 کەس و لە ئاکرێ و دهۆکیش نزیکەی هەزار تووشبووى تالاسیمیای لێیە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری