لە رۆژی بوومەلەرزەکەوە

تورکیا هەموو رۆژ هێرشێکی ئەنجامداوە

964+
فەهمی نەبی

بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، ئەوان ماوەی 18رۆژە هێرشەکانیان راگرتووە، بەڵام تورکیا هەموو رۆژێک هێرشێکی نوێی ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ شەممە 25.2.2023، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ ئاژانسی هاواری عەرەبی قسەی کرد.

فەرهاد شامی، دەڵێت، لە رۆژی روودانی بوومەلەرزەکەوە وەک ئەرکێکی ئەخڵاقی هێرش و بەرپەرچدانەوەکانیان بەرامبەر تورکیا راگرتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا هێزەکانی تورکیا 18 هێرشی زەمینیان ئەنجام داوە، هاوکات بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەست داوە.

فەرهاد ئەوەشی وتوە، “دوای بوومەلەرزەکە کۆمەک و هاوکاریمان بەرێخست بۆ خەڵک لەو ناوچانەی زیانلێکەتووی بوومەلەرزەکە بوون، بەڵام تورکیا و هێزکانی سەر بەو وڵاتە، رێگرییان کرد یارمەتیەکان بگەیەنین”.

رۆژی 6.2.2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەپلەی 7.7-ی رێختەر، تورکیا و سووریای هەژاند، بەهۆیەوە لە هەردوو وڵات ژمارەی بەرکەوتووان 50 هەزار کەسی تێپەڕاند.