گرێبەستی یەکەمی پڕۆژەکە واژووکرا

حکومەتی هەرێم بەهاوکاری ژاپۆن و عێراق کێشەی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر دەکات

شۆڕش قادری

حکومەتی هەرێم بۆ یەکەمجار دەیەوێ بە هاوکاری ژاپۆن و عێراق کێشەی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر بکات،  گرێبەستی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە واژووکرا، بەو ئومێدەی چیدی بۆنی پیسی پایتەخت نەمێنێ و ئاوەکەش بۆ کشتوکاڵ و مەزراکان بەکاردەهێنرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 9.9.2025 لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لە رێوڕەسمێکدا پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو كراوە.

جگە لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگار و کاربەدەستانی هەولێر، رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ئیندۆ ئەكیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، هەردوو كونسوڵی توركیا و ژاپۆن لە هەولێر و بەڕێوەبەری جایكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، “ئەمڕۆ گرێبەستێكی گرنگی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو دەكەین كە بە پڕۆژەی قەرزی ژماره (‌ (IQ-P23ـی نێوان حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و حكومه‌تی ژاپۆن ناسێنراوە و گوژمەی نزیكەی 230 ملیۆن دۆلارە و لە رێگەی ئاژانسی جایكاوە جێبەجێ دەكرێت”.

وتیشی، ئاوەڕۆی رۆژانەی هەولێر بریتییە لە نزیكەی 318 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس، دیزاینی ئامادەكراو بۆ وێستگەی چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە ئاوەڕۆ ئامادەیە و بەسەر هەشت فەیسدا دابەش كراوە، هەر فەیسێكیش بەسەر دوو بەشدا دابەش كراون كە كۆی پرۆژەكە لە 16 بەش پێك دێت و هەر بەشێك توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێكدا هەیە.

سەبارەت بە گریبەستەكەی ئەمڕۆش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی، “ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دروستكردنی یەك بەشی پڕۆژە گەورەكە و بە گوژمەی نزیكەی 195 ملیۆن دۆلار لەلایەن كۆمپانیای ئیتۆچوی ژاپۆنی و لە ماوی 3 ساڵدا جێبەجێ دەکرێت”.

“ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەشە زۆرەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ كە دەكاتە حەوت بەش لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێم و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت بۆ بنبڕكردنی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان”، ساسان عەونی ئەمەی وەک موژدە راگەیاند.

باسی لەوەشکرد، هاوشان لەگەڵ دروستكردنی تەواوی بەشەكانی وێستگەی چارەسەری لە هەر چوار دەرچەكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر شەقامی 120 مەتری و لای فڕۆكەخانە و تەنیشت رێگای موسڵ – تووڕەق، پشت نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، لای مامزاوە، لە هەر چوار دەرچەكەوە تاوەكوو گوندی عارەبكەند كە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی لێیە، بە درێژایی 12 كیلۆمەتر ئاوەڕۆی داخراوە، دروست دەكرێت و بەمەش هەولێری پایتەخت لەم گرفتە لەمێژینەیەی رزگاری دەبێت.

بەقسەی ساسان عەونی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئاژانسی جایكا و تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، زیاتر لە 10 ساڵە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن كە ئەمڕۆ بەشێكی ئەو گرێبەستە واژوو كرا.