وێنەی ئەو گەنجەی کۆیە کە سێ رۆژە بێسەروشوێنە و دیار نەماوە - وێنەکە بۆ 964 نێردراوە
کەسوکاری و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن
سێ رۆژە گەنجێکی کۆیە بێسەروشوێنە و هیچ سۆراغێکی نییە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
سێ رۆژە گەنجێکی کۆیە بێسەروشوێنە و هیچ سۆراغێکی نییە، کەسوکاری و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن.
ئەو گەنجە ناوی ئیسماعیل رەمەزانە و تەمەنی 26 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی ئازادیی قەزای کۆیەیە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەردانی ماڵی مامی چووەتە راپەڕین، دوای شەوێک مانەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە دیار نەماوە و بێ سۆراغە.
مەریوان خورشید ئامۆزای ئیسماعیل و دانیشتووی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، “ئیسماعیل چوارشەممە هاتە لامان و رۆژی پێنجشەممە وتی دەچمە رانیە، هەندێک جلوبەرگ و کەلوپەل دەکڕم و دەگەڕێمەوە ماڵەوە، دواتر ئامۆزاکانمان ئاگاداریان کردینەوە کە نەگەڕاوەتەوە و دیار نەماوە، ئێمەش هێزە ئەمنییەکانمان لەو بابەتە ئاگادار کردەوە”.
لەوبارەیەشەوە ئامانج رەمەزان برای ئیسماعیل بە 964ـی وت، “پێشتریش چەند جارێک براکەمان چووەتە چوارقوڕنە و گەڕاوەتەوە، ئیسماعیل کەمێک کێشەی دەروونی هەیە بەڵام زۆر نییە و وەک کەسێکی ئاسایی دەژی، دارتاشە و رۆژانە دەچووە ئیش و دەهاتەوە، هەرگیزیش باسی چوونە دەرەوەی وڵاتی نەکردووە تا گومان بکەین بۆ شوێنێک رۆیشتبێ”.
باسی لەوەشکرد، براکەی مۆبایلی پێبووە، بەڵام ئێستا داخراوە، دوای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان، دەرکەوتووە مۆبایلەکەی تا سەنگەسەر شەبەکەی هەبووە و تەلەفۆنی بۆ کەسێک کردووە کە نازانن کێیە، بەڵام دواتر سیگناڵی نەماوە و نازانن بەرەو کوێ رۆیشتووە.
964 لەسەر داوای کەسوکاری وێنەی ئەو گەنجە بڵاودەکاتەوە و داوایش دەکەن هەر کەس سەرەداوێکی دەستکەوت، بەم ژمارە مۆبایلانە (077505542350 – 07503264896) پەیوەندیان پێوە بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری