بە چوار راوچی پۆلیسێکیان خوێناوى کردووە

+964

هونەر فارس – گەرمیان

بە سۆراغی 964، چەند راوچییەک رووبەڕووی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی کفری بوونەتەوە و دوای 45 خولەک لە شەڕکردن هەڵهاتوون و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.

شەوی 19 لەسەر 20ی شوباتی 2023، کاتژمێر 11:15 خولەكی شەو، دوو ماتۆڕسكیل لە چەمی دەربەن تاڵەی سەر بە قەزای كفری، رووبەڕووی مەفرەزەیەكی پۆلیسی دارستان بوونەتەوە و پۆلیسێکیان بریندار کردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی 964 کەوتوون، ئەو پۆلیسەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا بریندار بووە ناوی رەمەزان فەریقە و پارچەی فیشەک بەر ژێر چاوی کەوتووە و “برینەکەی سوکە”.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی هەشت فیشەک بەر ئۆتۆمبێلی قازی مەجید بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دارستانی کفری کەوتووە و دوای رووبەڕووبوونەوەکە یەکێک لە ماتۆڕەکان دەستی بەسەردا گیراوە و ئەوی دیکەیان هەڵهاتووە.

وێنەیەکی ئەو ماتۆڕەی دەستی بەسەردا گیراوە دەست 964 کەوتووە و بە وتەی سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستانی کفری ماتۆڕەکە هی هاوڵاتیەکی شارۆچکەی کفریە و ئەمە یەکەمجار نییە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیسی دارستاندا هەبێت.

قازی محەمەد بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دارستانی کفری بە تۆڕی 964ی وت، پۆلیسی دارستان ئەرکەکانیان زیاتر لە شەودایە و رووبەڕووی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە سکاڵایان تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.

سەبارەت بە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دۆسییەکە، عەمید شوان محمەد رەشید بەرپرسی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، بۆ 964 جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەیان لە دۆسییەکە دەستپێکردووە و رێگەنادەن هیچ کەسێک دۆسییەکە پەردەپۆش بکات.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان راوچییەکان چوار کەس بوون و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر رووداوەکە، تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکراون.