"با بکرێت بە کەلتور"
سوڵحێک بە 100 نەفەر کەباب کۆتایى هات
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
ئەگەر کێشە و موشکیلەیەک بە کەبابخواردن کۆتایى بێت، خراپ نییە ئەگەر بڵێین ئەو خۆشە ئەو کێشانە زۆر ببن.
لەماوەى رابردوو، خاوەنى یەکێک لە کەبابخانەکانى بیارە، لێدوانێکى لە دژى بەڕێوەبەرى تەندروستى هەڵەبجە داوە، جەنابى بەڕێوەبەریش چووە سکاڵاى تۆمار کردووە، دواتر هەردولا تەفاهومیان کردووە، بەڕێوەبەرى تەندروستى هەڵەبجە وتوویەتى لە جیاتى سزاى دارایى و زیندانى، داوا دەکەم 30 نەفەر کەباب ئامادە بکەیت و دەعوەتى ژینگە پارێزانى پێبکەیت، خاوەنى کەبابخانەکەش وتویەتى جا 30 نەفەر چییە، 100 نەفەر کەباب ئامادە دەکەمن با هەموو ژینگەپارێزانى سنوورەکە لاى خۆم دەعوەت بن.
شەماڵ عیزەت خاوەنى کەبابخانەکە لەبارەى سوڵحەکەوە بە 964ـى وت، مرۆڤ هەڵە دەکات، بەڵام خۆشە هەڵەکان بە ئاشتى و خۆشەویستییەوە کۆتاییان بێت.
داواش دەکات، ئەمە بکرێتە کلتورێک، لەجیاتى ئەوەى کێشە و موشکیلەکان بە رق و کینە کۆتاییان بێت، بە دەعوەتێکى خەڵکانى ژینگەپارێز و کۆتاییان بێت و هەمووانیش بەم شێوەیە براوە دەبن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح