پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئەو لینکەی بەناوی پڕکردنەوەی فۆڕمی هاوکاری بڵاوبووەتەوە ساختەیە و هاکتان دەکات - وێنە؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
پۆلیسی گەرمیان:
“ئەو لینکەی بەناوی پڕکردنەوەی فۆڕمی هاوکاری بڵاوبووەتەوە ساختەیە و هاکتان دەکات”
964+
شۆڕش قادری
ئەو لینکەی بەناوی پڕکردنەوەی فۆڕمی هاوکاری بۆ کەسانی هەژار و کەمدەرامەت بڵاوبووەتەوە، ساختەیە و هەژمار و داتای ناو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانتان هاک دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ئاگادارییەکەدا بڵاویکردەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە چەندین گروپ و بە چەند هەژمارێک، لینکێکی ساختەی هاککردن لەژێر ناوی پڕکردنەوەی فۆرمی هاوکاری ( تەتەوا ) لە رێگەی حکومەتی عێراقی بۆ کەسانی کەم دەرامەت بڵاوبۆتەوە.
“ئەم لینکە و زۆرێک لەو لینکانەی لەم جۆرەن، لەلایەن هەژمارە ساختەکانەوە پۆست دەکرێن، دوورن لە راستییەوە و سەرجەمیان بۆ هاککردنی هەژمارەکانتان یاخود داتاکانی ناو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان بەکار دەهێنرێن، ئەم رێگایە لە ئێستادا یەکێکە لە رێگا زۆر باوەکان کە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی و پرۆسەی هاککردنی هەژمارەکان و دزینی داتا بەکاردەهێنرێت لەلایەن کەسانی هاککەرەوە”، پۆلیسی گەرمیان وادەڵێت.
داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنان و کردنەوەی ئەم جۆرە لینکانە، بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە هەر جۆرە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر هەژمار و داتاکانیان، لە کاتی بوونی هەر هەڕەشە و هێرشێکی ئەلیکترۆنیش، دەتوانن سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نوسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکرۆنیەکان بکەن.