دوو نەوە و کچێکیشی بەخێودەکات

تەنیا یەک خاتون لە کۆیە لەسەر شەقام کاردەکات 

دەریا ئەحمەد – کۆیە

لە شاری کۆیە سەرجەم شارەکە بگەڕێیت تەنیا یەک ژن دەبینیت کە لەسەر شەقام کاربکات، ئەویش دەڵێ کەسم نییە کاسبیم بۆ بکا، دەنا بەم تەمەنەوە نایەمە سەر شەقام.

شەریفە ئەحمەد خاتونێکی بەتەمەنە و بە تەرازوویەکی پێوانەی کێشەوە رۆژانە لەبەردەم پارکی شەهیدانی قوڕەبەرازە لە کۆیە دادەنیشێت و لە چاوەڕوانی ئەودایە کەسێک خۆی بکێشیت و 250 دیناری پێبدات.

شەریفە ئەحمەد ئەو ژنە بەتەمەنەیە و بە 964ـی وت، “بەهۆی هەرزانی کرێی خانوو ماوەی ساڵێکە لە کۆیە نیشتەجێم و لەوکاتەشەوە لەم شوێنە کاردەکەم و رۆژانە ئەگەر پارەیەکی زۆرم دەستکەوێت سێ تا چوار هەزارە و رۆژیش هەیە بەدەستی بەتاڵ دەڕۆمەوە”.

وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی موچەیەکی 175 هەزاریم هەیە کە بۆ کرێی خانوو کارەبا دەڕوات، بەڵام هاوکاری خەڵک نەبێ من ناتوانم بەم کارە بژیم”.

شەریفە ئەحمەد سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستی و  دارایی خۆی، کچێک و دوو منداڵی کچەکەشی لەگەڵ ئەو دەژین و بەخێویان دەکات، رۆژانە کە دێت بۆ شوێنی کارەکەی بە زەحمەت دەتوانێت بڕواتەوە ماڵەوە و ئەمەش سەرباری ئەوەی ئێستا گەرما بەتەواوی هەراسانی کردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی