تەنیا 40 دەقە بەردەوام بووە

كورتترین جەنگ لە مێژووی جیهاندا

964+

محەمەد فاتیح

جەنگی ئینگلیزەکان و زەنزیبار (Zanzibar)، لە نێوان شانشینی یەكگرتوو و زەنزیبار، لە 27ـی ئابی ساڵی 1896 هەڵگیرساوە و تەنیا 40 دەقە بەردەوام بووە، كە بە كورترین جەنگ لە مێژووی جیهاندا هەژمار دەكرێت.

شەڕەکە دوای مردنی سوڵتان حەمەد بن تووەیینی ئەلبوسەیدی، کە لایەنگری ئینگلیزەکان بوو، لە 20ـی ئابی 1896 سەریهەڵدا، چونكە خالید بن بەرغشی ئامۆزای دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، کە ئینگلیزەکان بە یاخیبوون لە دژی ئەوان لە قەڵەمیاندا.

بەو پێیەی ئەمان دەیانویست دەسەڵات بدەن بە حەمود بن محەمەد و بەپێی  پەیماننامەی ساڵی 1886 مەرجی سەرکەوتن بۆ سەر تەختی دەسەڵات بە رەزامەندی کونسوڵی بەریتانیا بوو، خالیدیش ئەو مەرجانەی جێبەجێ نەکرد و ئینگلیزەکان بە راگەیاندنی شەڕیان زانی و دوا ئاگادركردنەوەیان بۆ خالید کوڕی بەرغش نارد، بۆ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام بەرغش داواكەی ئەوانی رەتكردەوە و سوپایەكی دوو هه زار و 800 كەسی پێکهێنا، یەختە چەكدارەكەی سوڵتانیشی لە خۆ گرتبوو، كە لە بەندەرەكە لەنگەری گرتبوو، ئەم هێزە ئەرکی پاراستنی کۆشکی پێ سپێردرابوو.

ئاگاداركردنەوەكە لە کاتژمێر 9:00 بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەفریقا لە 27ـی ئاب کۆتایی هات و ئینگلیزەکان سێ کروزەر و دوو بەلەمی چەکدار و 150 دەریاوانی هێزی دەریایی شاهانە و 900 سەربازی زەنزیبارییان ئامادە کردبوو و لە ناوچەی بەندەرەکەدا کۆبوونەوە.

هێزی دەریایی شاهانە، لەلایەن دەریاوان هاری راوسۆنەوە فەرماندەیی دەکرا، سوپای زەنزیباریش لەژێر فەرماندەیی فەریق لۆید ماتیۆسدا بوو، ئەو هێزەشی سوڵتان خالید بۆ پاراستنی کۆشکەکە کۆیکردبووەوە، لە خۆبەخشانی مەدەنی و پاسەوانی کۆشکی شاهانە و سەدان کۆیلە و خزمەتکار پێکهاتبوو.

لە کاتژمێر 9:02  خولەکی بەیانی 27ـی ئاب، کەشتییەکانی هێزی دەریایی شاهانە دەستیان کرد بە تۆپبارانکردنی کۆشکەکە و لەناوبردنی تۆپخانەکانی بەرگریکاران و یەختی شاهانە و دوو کەشتی بچووک، لەلایەن هێزێکی دەریاییەوە تێكشكێنران.

هەندێک وردە تەقە ئاڕاستەی هێزی زەنزیباری سەر بە بەریتانیا دەکرا، کاتێک بەرەو کۆشکەکە دەڕۆیشت و ئەو ئاڵایەيان بۆردومان كرد، کە لە سەر کۆشکەکە دەشەكایەوە و کاتژمێر 9:40 خولەك راگرتنی تەقە راگەیەندرا.

هێزەکانی سوڵتان نزیکەی 500 قوربانییان لێکەوتەوە، لە کاتێکدا ئینگلیزەکان تەنا یەک دەریاوانی برینداریان لەدەستدا، سوڵتان هەڵات بۆ لای راوێژکاری ئەڵمانیا و لەوێ مافی پەنابەری پێدرا و دوورخرایەوە بۆ دارولسەلام لە تانگانیکار و ئینگلیزەکان سوڵتان حەمود بن محەمەدیان وەک فەرمانڕەوا دانا و حکومەتێکی ناوەکییان بۆ پێکهێنا.

ئەم جەنگە کۆتایی بە پێگەی زەنزیبار هێنا، وەک دەوڵەتێکی رێزدار و سەردەمێکی هەژموونی راستەوخۆی بەریتانیای بەسەر ئەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە.

زەنزیبار، دوورگەیەکە لە کەنارەکانی تانگانیکا لە زەریای هیندی، پێشتر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرى بووە، بەڵام ئێستا بەشێکە لە تانزانیا.

جەنگى موشەکە دوورهاوێژەکان: بە تێچووى ملیۆنان دۆلار

جەنگى موشەکە دوورهاوێژەکان: بە تێچووى ملیۆنان دۆلار