رێنمایی نوێى زۆر شتى قه‌ده‌غه كردووه
ژه‌هراویبوونى 120 هاوڵاتییەکەی دهۆك ئیشوکاری چێشتخانه‌كانی قوڕستر کرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ته‌ندروستى دهۆك چه‌ند رێنماییه‌كى نوێی بۆ چێشتخانه‌كانى شار ده‌ركرد، بۆئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا توندوتۆڵ‌تر بن و هیچ رووداوێك هاوشێوه‌ى ژه‌هراوی بوونى هاوڵاتیان دووباره نه‌بێته‌وه.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، زیاتر لە 150 کەس له دهۆك بەهۆی خواردنى چێشتخانه‌یه‌ك ژه‌هراویبوون كه زۆربەیان تووشی سكچوون و رشانەوە ببوون.
به‌پێی ئه‌و رێنماییه نوێیانه‌ى ته‌ندروستى دهۆك ئاڕاسته‌ى قایمقامیه‌تى ناوه‌ندى شاره‌كه‌ى كردووه، بۆئه‌وه‌ى ئه‌وانیش له‌رێگه‌ى لیژنه‌كانیانه‌وه بیده‌نه چێشتخانه‌كان، له‌مه‌ودوا نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ناو چێشتخانه‌كان مایۆنیز ئاماده بكرێت و پێشكه‌شی میوانان بكرێت.
خاس، جه‌رجیر، كه‌له‌م و كه‌ره‌وزیش له چێشتخانه‌كان قه‌ده‌غه‌كران، ته‌نیا خه‌یار، ته‌ماته، لیمۆ و پیاز پێشكه‌شی میوانان بكرێت به‌و مه‌رجه‌ى پێش ئه‌وه‌ى پارچه بكرێن، جوان و به‌شێوه‌یه‌كی باش بشورێنه‌وه و له‌رێگه‌ى به‌كارهێنانى په‌رمه‌نگه‌ناتى پۆتاسیۆم، خوێ و خه‌ليش ته‌عقیم بكرێن.
پێویسته كارمه‌ند و كرێكارانى ناو چێشتخانه جلوبه‌رگى كاركردن بپۆشن و به‌رده‌وامیش له‌كاتى كاركردندا ده‌ستكێش، كڵاو و به‌رمل به‌كاربهێنن.
هیچ چێشتخانه‌یه‌ك بۆى نییه به هیچ شێوه‌یه‌ك خواردنى كۆن هه‌ڵبگرێت و دووباره ده‌رخواردى میوانانى بداته‌وه و ئه‌و قاپ و كه‌لوپه‌له‌ى بۆ نانخواردنیش به‌كارده‌هێندرێن پێویسته دواى شوشتنیان به‌باشی وشكبكرێنه‌وه و پێویسته له‌سه‌ر مێزێكی نان خواردنیش خه‌ل (سركه) داندرابێت.