"لە دژی ئەفسەرێک"

بارهەڵگرەکانی پەروێزخان نەچوون بۆ هێنانی بار لە ئێرانەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2025، شۆفێرانی بارھەڵگری مەرزی پەروێزخان، نەڕۆشتوونەتە دەروازەکە و دەستیان بە مانگرتن کردووە، وەک دەڵێن، “ئەوەش دژی رەفتارەکانی بەرپرسێکی مەرزەکە لە دیوی ئێرانەوە”.

یەکێک لە شۆفێرانی بارھەڵگری مەرزی پەروێزخان کە نەیویست بھێنرێت بە 964ى وت،”ئەمڕۆ ھیچ شۆفێرێکی بارھەڵگر نەڕۆشتوونەتە دەروازەی پەروێزخان بۆ ئەوەی بار بھێنین و مانمان گرتووە”.

“ئەفسەرێکی ئێرانی، گرفت بۆ شۆفێرانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات و بیانوومان پێدەگرێت، لەخۆیەوە سزا بۆ شۆفێران دەنوسێت یان ئۆتۆمبێلەکانمان بۆ چەند رۆژێک دەخاتە گەراج و دەستیان بەسەردا دەگرێ”،ئەو شۆفێرە وای وت.

پێشتر مانگرتنی لەم جۆرە روویداوە، ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمڕۆ سەرجەم ھێڵەکانی مەرزەکە نەرۆشتین بۆ ھێنانی بار لە ئێرانەوە، تا ئەو ئەفسەرە نەگۆڕدرێت ئامادە نین بگەڕێینەوە بۆ مەرزەکە”.

پەیامنێری 964، چەندجارێک پەیوەندیکرد بە عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی مەرزی پەروێزخان، بەڵام پەیوەندییەکەیانی داخستەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا