سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێم
بەدواداچوون بۆ شەڕەکەی لالەزار دەکات
داواکاری گشتی داوا لە میدیاکان دەکات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن
شۆڕش قادری
داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوا لە میدیاکان دەکات بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان و لێکەوتەکانیان بکەن.
داواکاری گشتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “یەکیك لە ئامانجە سەرەکییەکانی یاساکان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادیەکان و ئاسایشی هاوڵاتیان و پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاساوە نەبێت، بۆیە پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێری رەوایی (مراقبة المشروعیة) و پاراستنی ســەروەری یاسا و باش پیادەکردنی حوکمەکانی و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، جەخت دەکەینەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەو پەڕی پەرۆشیەوە رەچاوی بنەما یاسایی و دەستورییەکان بکات لە پاراستنی گیان و کەرامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستوردا هاتووە”.
ئاماژە بەوشکراوە، بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگا، یاسا رێوشوێنی ئەوتۆی دیاریکردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نائارامی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری و یاساییەکان، هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە مافی ژیان و کەرامەت و ئازادی هاوڵاتیان پارێزراو بێت.
دواکاری گشتی دەشڵێت، “جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە و لێکەوتەکانی بکەن”.
راشیگەیاندووە، فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی رادەسپێرن بۆ بەدواداچوون بۆ گرژییەکانی شەوی 21 لەسەر 22.8.2025 کە لە سلێمانی روویدا بۆ پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا.
هەر دوێنێ وەک تۆڕی میدیایی 964، هەڵوێستی خۆمان بە روونی راگەیاند کە نابینە بەشێک لەو شەڕە میدیاییەی لەسەر رووداوەکەی لالەزار دروست بووە و پابەندی کاری پیشەییانەی خۆمان دەبین.