دەمانەوێت بە دەستوور چارەسەری كێشەكان بکەین
جوتیار عادل: لێكگەیشتنی باش هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئێمە ئامادەین لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوین و لێكتێگەشتنی زۆر باش هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.2.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژی حكومەتی هەرێم كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا، سەردانی شاندەكانی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق و پرسی رێگاوبان لە هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بوون.
لەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینارەکە، تائێستا سێجار شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت “لێکتێگەشتنی زۆرباش لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر زۆربەی پرسەكان هەیە و كار لەسەر ئەوە دەكەین بەتەواوەتی بگەینە رێككەوتن”.
“ئێمە لە عێراق، شەراكەتی راستەقینەمان دەوێت، رۆڵێ سەرەكی و چارەسەری كێشەكان و هەروەها رۆڵمان لە داڕشتنی یاسا دەستوورییەكان و سیاسەتی نەوتمان دەوێت”. جوتیار عادل وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، لەڕێگەی دەستوورەوە چارەسەری هەموو كێشەكان دەکرێت و هەركەسێكیش لە عێراق بەدەستوور كار بكات ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.
لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، جوتیار عادل، ئەوەی رەتکردەوە هەرێمی کوردستان نەوتی بەشێوەی راستەوخۆ بە توركیا فرۆشتبێت، پێی وابوو کە هەرێمی كوردستان “بەناچاری ساڵی 2014 نەوتی هەناردە کردووە، چونکە عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیبوو”.