تكایە بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بكەن
تۆڕی 964: “نابینە سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی”
ژووری هەواڵ
بەداخەوە رووداوەکەی لالەزار لە سلێمانی خەریکە سەردەکێشێت بۆ شەڕێکی میدیایی لە نێوان دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی کە هۆکارێک دەبێت بۆ پەرتەوازەیی و دابەشکاری زیاتر، هەمانکات مافی زانینی راستی رووداوەکە و لێکەوتەکانی لە خەڵک دەسەنێتەوە.
ئەوانەی چاودێریی رووماڵی 964یان کردبێت، ئەو شایەتیە دەدەن کە هەر لە سەرەتاوە بەوپەڕی پیشەییەوە رووماڵی ئەم رووداوەمان کردووە و راستیمان بۆ خەڵک گواستووەتەوە، ئێستاش لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیە رەتیدەکەینەوە ببینە بەشێک لەو شەڕە میدیاییەی هاتووەتە ئاراوە.
بۆیە بینەران و وەرگرانی 964 ئاگاداردەکەینەوە، بەهیچ جۆرێک بەیاننامە و پەیام و لێدوانی هێزە سیاسییەکان سەبارەت بەم رووداوە بڵاوناکەینەوە و نابینە سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بەڵام بێگومان وەکو رۆژانی پێشوو بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بەو رووداوە و لێکەوتەکانی.
داوا لە هەموو دامەزراوە میدیاییە هاوکارەکانمان دەکەین کە بە هەستیاری و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بکەن و خۆیان لە تێوەگلان لەو شەڕە گوتارییانە بەدووربگرن کە کۆمەڵگا دابەش دەکات و زیان بە ئاشتیی مەدەنی دەگەیەنن.