یاریەکی تایبەت بە قومار
شارەکە پاک بووەوە
پۆلیسی زاخۆ: کۆتاییمان بە دیاردەی قومار هێنا
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
دوای هەوڵ و بەدواداچوونێکی ورد کە 18 مانگی خایاند، پۆلیسی زاخۆ سەرکەوتنی خۆی لە داخستنی تەواوی شوێنەکانی قومارکردن لە شارەکەدا راگەیاند، ئەم هەڵمەتە چەندین جۆری قوماری گرتەوە، لە دۆمبەڵەوە تا سیستەمی یارییە جیهانی و ناوخۆییەکان و دانانی پارە لەسەر ژمارە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ تیمێکی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنابوو، کە ئەرکیان بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئەو شوێنانە بوو، کە گومانی قومارکردنیان لێدەکرا.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، “هەڵمەتەکە تەنیا داخستنی شوێنەکانی قومارى نەگرتەوە، بەڵکو خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی دادگا کرانەوە و بەپێی ماددەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای یاسایی و ماددی دران”.
جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی هاوڵاتیان کردەوە و وتی، “داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئەگەر هەر شوێنێک یان کەسێکیان بینی کە قومار دەکات، یەکسەر پۆلیسی زاخۆ ئاگادار بکەنەوە، ئێمەش بەپێی رێنمایی و رێکارەکانمان، شوێنەکە دادەخەین.”
لەبارەى ژمارەى ئەو قومارخانانەى داخراون، ئەحمەد رەمەزان باسى لەوەکرد، داخستنەکە ئیشى 18 مانگە و ژمارەى تەواوەتیان لانییە، بەڵام هیچ شوێنێک نەماوە کە قومارى تێدا بکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح