یەک داواکارییان هەیە
دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقین شەش رۆژە چادریان ھەڵداوە
964+
میلاد جەلال – خانەقین
دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقین شەش رۆژە چادریان ھەڵداوە و پێنج کەسیان مانیان گرتووە لە خواردن، ئەوەش وەک فشارێک تا دانبنرێ بەزانکۆی گەرمیان و دامەزراندن بیانگرێتەوە.
خوێندکارە دەرچووەکانی کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی گەرمیان، کە بینای کۆلێژەکەیان لە خانەقینە، شەش رۆژە لەو کارەیان بەردەوامن، وە هاوڕێ دەرچووەکانی دیکەشیان سەردانیان دەکەن.
راژان باجەلان، یەکێکە لە مانگرتووەکان ئەو بە 964ی وت، حەوت ساڵە بەشی ئینگلیزی تەواو کردووە، و سێ کۆلێژی زانکۆی گەرمیان لە خانەقینن، بەهۆی ئەوەی زانکۆی گەرمیان دانیپێدا نەنراوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بێبەش بووین لە دامەزراندن.
ئەوە مانگرتووە دەڵێ، خەونی ئەوەی هەبووە، پاشت بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی ماستەر و دواتر دکتۆرا بەدەست بهێنێ، بەڵام ئێستا دانپێدانەنانی زانکۆکەیان و موعتەرفی نەبوونی بڕوانامەکەیان کێشەی بۆ دروست کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا