"دەبێتە تەواوکەری سەهۆڵەکەی سلێمانی"
کانێسکانی سلێمانی بەرگی فۆلکلۆر دەپۆشێت
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بەنۆژەنکردنەوەی چەند بینایەک و پێدانی سیمای کۆنی بیناسازیی سلێمانی پێیان، بەشێک لەگەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە و دەبێتە گەڕەکێکی گەشتیاری.
پڕۆژەکە لەلایەن سەرمایەداری شاری سلێمانی زاهیری کەریمەڕەشەوە ئەنجام دەدرێت و لەئێستادا کارەکانی لەکۆتایی نزیک بووەتەوە.
نۆژەنکردنەوەکە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەبێت بیناکان لەدوو نهۆم زیاتر نەبن، چونکە لەکۆندا خانووەکانی سلێمانی دوو نهۆم بوون.
زاهیری کەریمەڕەش، جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەتۆڕی964ی راگەیاند: لەئێستادا ھەشت لەبیناکان تەواو بوون و نزیکەی هەشت بینای دیکەش کاریان لەسەرە.
لەگەڕەکەکەدا چەند سەکۆیەک دروست دەکرێن بۆ ئەوەی هەرکەس بیەوێت بتوانێت میوزیکی تیادا بژەنێت یان نماییشی تێدا بکات و چەند پەیکەرێکی ژن و پیاوی کوردی لەسەر شێوازی کۆن تیادا دروست دەکرێت.
“ھەوڵ دەدرێت بکرێتە شوێنێک ژیانی شەوی تیادا بێت و تەواوکەری بەردەم مزگەوتی گەورە و سەھۆڵەکە بێت”، زاهیری کەریمەڕەش وای وت.
گەڕەکی کانی ئاسکان یان کانێسکان یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی. پێش بوونیادنانی شاری سلێمانی ناوچەیەکی چڕ بووە بە دارودرەخت و سەوزایی و ئاوی لێ بووە، بەردەوام ئاسک لەو ناوچەیە بینراوە کە لە چیای ئەزمەڕ و دەوروبەری سلێمانی هاتوونەتە خوارەوە لەو ناوچەیە ئاویان خواردووەتەوە.
پێداچوونەوەی: پێشەوا محەمەد