هەولێر

ژیانی کۆرپەلەیەک رزگارکرا؛ وێڵاشی لکابوو بە منداڵدانی دایکی

964+
ئەحمەد مستەفا

لە نەخۆشخانەی لەدایک بوونی فێرکاری هەولێر، توانرا دایکێک و کۆرپەلەیەک ژیایانیان رزگارک بکرێ، دوای ئەوە لە پشکنین زانراوە “وێڵاش”ی منداڵە بە دیواری منداڵدانی دایکەکە لکاوە.

دکتۆرەکان، ئەم حاڵەتە وا شیکار دەکەن، ببێ بەهۆکاری خوێنبەربوونی دایکەکە، وەکخۆیان باسیان کردووە، خوێن بەربوونی توند.

نەخۆشخانەکە لە پێگەی خۆی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسوویەتی، دوای ئەوەی نەخۆشێک سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکات دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان دەرکەوت دووگیانە، وە وێڵاشی منداڵەکە بە دیواری منداڵدانی نوساوە، ئەوەش ئەگەری مەترسی خوێن بەربوونی توند “نەزیفی” لێ دەکرێت.

هەورەها، ئەگەری لە دەستدانی ژیانی دایک زۆر دەبێت لەکاتی نەشتەرگەرییەکەد دا و ناتوانرێ وێڵاش لە منداڵدان بکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمی هەبووە و پێشتر پێنج جار نەشتەرگەری منداڵ بوونی بۆ ئەنجامدراوە.

نەخۆشخانەکە دەڵێ، هەر لە نەخۆشخانەی ژنان و لەدایک بوونی فێرکاری ھەولێر، لەلایەن بەڕێوبەری نەخۆشخانە دکتۆر شادان شێروان حەیدەری، هەردوو نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵ و لابردنی منداڵدانی بەیەکەوە بۆ کرا و لە ئێستادا باری تەندروستی نەخۆشەكە جێگیرە.

وێڵاش چییە؟

لە ماوەی دووگیانی دروستدەبێت، بۆ تەندروستی کۆرپە زۆر گرنگە، چونکە ئۆکسجین و خۆراک بە کۆرپە دەبەخشێت و پاشماوەکانی دووگیانی خاوێندەکاتەوە، هەروەها یارمەتیدەرە لە دروستکردنی چەندین هۆڕمۆن و کۆرپە لە بەکتریا و نەخۆشییە هەوکردنەکان دەپارێزێت.

وێڵاش لە لایەکەوە بە دیواری منداڵدان و لەلایەکەی دیکەشەوە لەرێگەی ناوکەپەتکەوە بە کۆرپەوە بەستراوە.

زۆربەی کات، وێڵاش بە بەشی سەرەوەی، یان دیوارەکانی لێواری منداڵدانەوە بەستراوە، بەڵام هەندێکجاریش بە بەشی خوارەوە دەبەسترێت و مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپە و دایکی دروستدەکات.

بەدرێژایی ماوەی دووگیانی لەگەڵ گەشە و کشانی منداڵداندا وێڵاش دەجوڵێت و شوێنەکەی دەگۆڕێت، بوونی وێڵاش لەبەشی تەختایی خوارەوەی منداڵدان لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام بە بەرەوپێش چوون و کشانی منداڵدان، بە شێوەیەکی ئاسایی وێڵاش دەچێتە بەشی سەرەوەی منداڵدان، لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا ئیتر دەبێت وێڵاش لە بەشی سەرەوەی منداڵداندا جێگیر بووبێت، ئەم حاڵەتەش یارمەتی ملی منداڵدان و ڕێڕەوی منداڵدان دەدات کە ئامادە بێت بۆ منداڵبوون و کراوە بێت.