روکاری ئەپلیکەیشنی قوتابخانەکەم
سوود لە زیرەکی دەستکرد وەرگیراوە
بۆ سێ قۆناغی خوێندن ئەپلیکەیشنی قوتابخانەکەم کارا کرا
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ئەپڵیكەشنێكی نوێی بەناوی “قوتابخانەكەم” راگەیاند، كە تایبەتە بە پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی و تێیدا بۆ خوێندن و فێربوونی قوتابییان سوود لە زیرەكی دەستكرد وەرگیراوە.
سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی بە بەشداریی وەزیرانی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەت و مامۆستایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێ، ئامانجی کۆڕبەندەکە کەڵک وەرگرتن بوو لە تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
وەزارەتی پەروەردە لە كۆڕبەندەكەدا پرۆژەی “قوتابخانەکەم”، راگەیاند کە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵییە بۆ فێرکردن بۆ پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەم کە تێیدا سوود لە زیرەکیی دەستکرد “AI” وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژەی گرنگیدانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە سوودوەرگرتن لە بواری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
لەبارەی ئەپڵیكەیشنی قوتابخانەكەم، زوهێر محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی رایگەیاند، پرۆژەی قوتابخانەکەم چەندین ڤیدیۆ و چالاکی هەموو وانەکانی خوێندنی پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەمی بنەڕەتی تێدایە، تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکردە و لە قوتابخانەکان سوودی لێوەردەگیرێت.