تا کۆتایى ساڵ نزیکەى 50 بیر وشک دەبن

تائەمڕۆ؛ 38 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون

964+

وریا فەتاح

بەهۆى کەمى بارانبارین و دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى، لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ 23 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون، لە مانگى حەوت بەدواوە 15 بیرى دیکەش وشکبوون.

لە 2024دا، 27 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکبوون.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر بە 964ـى وت،” هەرچەندە چاوەڕێى بووین لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ 20 بیر وشک بکات، بەڵام 23 بیر وشکى کرد، لەو ژمارەیە 17 بیرمان لێداوەتەوە و 5 بیر لەژێر جێبەجێکردندان”.

دەورووبەرى هەولێر سنوورى هەریەک لە قەزاکانى، مەخمور، قوشتەپە، خەبات، شەقڵاوە، هەریر و پیرمام، دەگرێتەوە و 1650 بیرى ئاویان هەیە.

وەک ئەوەى رێزان سەعید بۆ 964 ئاشکراى دەکات، گۆڕانکارى کەشوهەوا بە تەواوەتى لەسەر ئاوى ژێر زەوى هەولێر رەنگیداوەتەوە، چونکە ئەگەر جاران بیرێک لە 200 بۆ 300 مەتر هەڵکەنرابێت و گەشتبێتە ئاو، ئەوا لەمساڵدا کەمترین قوڵى 400 مەترە لە ناوچە شاخاوییەکان و 600 مەترە لە دەشتاییەکان.

وەک ئەوەى رێزان سەعید روونیکردەوە، لە دواى 1.7.2025ـەوە 15 بیرى دیکە وشکیان کردووە و چاوەڕێش دەکەن تا کۆتایى ساڵ 10 بیرى دیکە وشکى بکات.

ئەو بیرانەى وشکیان کردووە، کەوتوونەتە قوشتەپە، خەبات، کەورگۆسک، دیبەگە، هەریر، شەقڵاوە، زۆرترین بیریش لە قوشتەپە و خەبات وشکیان کردووە.

ئاشکراشى کرد، ئەو شوێنانەى بیرەکانیان وشکى دەکات کێشەى ئاویان بۆ دروست دەبێت، بەڵام لە رێگەى تانکەرەوە بۆ، لێدانەوەى هەر بیرێکیش بە وتەى رێزان سەعید 15 بۆ 25 رۆژى پێویستە.

ساڵى رابردوو 27 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکى کردووە

ساڵى رابردوو 27 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکى کردووە