رۆژانە ٤٠٠ تۆن زبڵ لە دەڤەری راپەڕین کۆدەبێتەوە و کەس نیە فڕێیبدات

میدیازان – مەجید بتوێنی – رانیە

لەدەڤەری راپەڕین ماوەی هەفتەیەکە کەس نییە ئەو ٤٠٠ تۆن زبڵ و خاشاکە فڕێبدات کە رۆژانە لەناو کوچە و کۆڵانەکانی شار کۆدەبێتەوە، پاککەرەوەکانی سنوورەکە ناچنەوە سەر کار و دەڵێن سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی پاککەرەوە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو هەزار و ٨٠٠ تۆن زبڵ و خاشاک لە گەڕەک و کۆڵان و بازاڕی دەڤەری راپەڕین کۆبووەتەوە، کەس نییە فڕێی بدات.

” پاککەرەوەکانی سنوورەکە ناچنەوە سەر کار و دەڵێن سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە”

کارمەندانی پاککەرەوەی دەڤەری راپەڕین ژمارەیان ٤٥٠ کەسە، رۆژانە ٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لە سنووری ١٥ شارەوانی کۆدەکەنەوە و مووچەکانیان ٣٣٥ هەزار دینارە و لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوە پێیان دەدرێت.

کۆمپانیای بیڤان کە ئەرکی کۆکردنەوە و ژێرگڵ کردنی خۆڵ و خاشاکی ئیدارەی راپەڕنی لەئەستۆگرتووە دەڵێت، شەش مانگە مووچە نەدراوە بە کۆمپانیا و خۆیان لێرەو لەوێ پارە بۆ پاککەرەوەکان دابین دەکەن.

بەهجەت حەمە رەزا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە میدیازانی وت، “وابڕیارە لەنزیکترین کاتدا مووچەیەکیان پێ بدرێت، هەوڵی دابین کردنی مووچەیەکی تریشیان بۆ دەدەن.”

رێباز محەممەد لێپرسراوی ژینگە و خزمەتگوزای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین بە میدیازانی راگەیاند، “هۆکاری دواکەوتنی مووچەی کارمەندانی پاککەرەوە، نەمانی پارەی نەختینەیە لە بانکەکان.”

وتشی، “وابڕیارە  ئیدارەی گشتی یەکێتی بڕە پارەیەکیان بۆ دابین بکات و کارمەندان بچنەوە سەر کارەکانیان بەڵام بڕ و رۆژی خەرج کردنی پارەکه هێشتا دیار نیە.”

“هۆکاری دواکەوتنی مووچەی کارمەندانی پاککەرەوە، نەمانی پارەی نەختینەیە لە بانکەکان”

هیمداد مستەفا کارمەندی گرێبەست لە کۆمپانیای پاککەرەوە بە میدیازانی راگەیاند، “هەتا مووچەکانمان پێ نەدرێت ناچینەوە سەرکارەکانمان.” دەشڵێت، بە مووچەیەکی مانگانەی ٣٣٥ هەزار دیناری ئەرکێکی پیرۆز و قورسیان لەسەر شانە و زۆربەی پاککەرەوەکان بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەتن.