لە هەر 100 ماڵێکی راپەڕین 91یان پێوەری کارەبایان بەستووە
964+
مەجید بیتوێنی – خانەقین
لە دەڤەری راپەڕین بەستنی پێوەری کارەبای نیشتیمانی بەردەوامە، تاکو ئێستا سەدا 91ی ماڵەکان بەستوویانە، لە کۆی 103 هەزار هاوبەش.
چەند مانگێک بوو پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە راپەڕین راوەستابوو، کۆمپانیای جێبەجێکار تازەکی دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە.
عەلی محەمەد بەڕێوەبەری گشتی کارەبای راپەڕین بە تۆڕی 964ی وت “بەهۆی چەند گرفتێکی تەکنیکی و نەمانی کەلوپەلی پێویست و جۆرێک لە پێوەری زیرەک، ماوەی چەند مانگێگ بوو پڕۆسەکە وەستابوو، بەڵام ئێستا گرفتەکان چارەسەرکراون و دەستکراوەتەوە بە بەستنی پێوەری زیرەک بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆیان نەبەستراوە بەتایبەتی لەناو سەنتەری شار و بازاڕ و دوکان و شوێنە بازرگانییەکان”.
ئەو دەڵێت، هەوڵدەدەن ئەو سەدا 9یەی ماوە بە زوويى تەواوی بکەن.
سەبارەت بە شێوازی کۆکردنەوەی پارەی کارەبای نیشتمانی باسی لەوەکرد، هەژمێرەکانیان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەبەر دەرگای ماڵان لەرێگەی پسولەوە کرێی مانگانەی کارەبای نیشتمانی لە هاوبەشانیان وەردەگرن، هەر بەو شێوازەش بەردەوام دەبن تا سیستمی پرپەید بەتەواوی چالاک دەبێت.
لە سەرەتای پرۆسەی بەستنی پێوەری کارەبا، لە چەند ناوچەیەکی دەڤەری راپەڕین رەتکرایەوە و هەندێک لە ئامێرەکان شکێندران، بەڵام وادیارە ئێستا ئەو ناڕازیبوونەی جارانی لەسەر نییە.