هەنجیری تەقتەق - وێنە: 964
نزیکەی 10 تۆن هەنجیر لەیەک رۆژدا فرۆشراوە
فێستیڤاڵی هەنجیری تەق تەق 25 هەزاری گەشتیاری بردە قەزاکە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیری تەق تەق کە لە هەینی رابردوو لە پارکی گەشتیاری مەهناز بەڕێوەچوو، لێشاوێکی گەشتیار و 250 ملیۆن دیناری بردە سنوورەکە و گەشتوگوزاری کۆیەش دەڵێ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران 15 هەزار زیادی کردووە.
ئیسماعیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە تایبەت بە 964ـی وت، ئەمساڵ 25 هەزار گەشتیار میوانی چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیری تەق تەق بوون و بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە هێندەونیوێک زیاترە و بەرهەمێکی زۆریش فرۆشراوە.
لە فیستیڤاڵەکە زیاتر لە 100 جوتیار و خاوەن دەستی کار بەشدار بوون، کە جوتیارەکان هیچ بەرهەمێکیان نەمایەوە و ئەوانەشی کاری دەستی و خواردنی کوردەواریان دانابوو رێژەیەکی زۆریان فرۆشت.
ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەق تەق بە 964ـی وت، نزیکەی 10 تۆن هەنجیر فرۆشرا و هیچ بەرهەمێکی هەنجیری جوتیارەکان نەمایەوە.
وتیشی، داهاتی فێستیڤاڵەکە بە نزیکەی 250 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی ئاماری بەشی کشتوکاڵی قەزاکە، هەنجیری تەق تەق ساڵانە بەنزیکەی هەزار تۆن بەرهەمی هەیە، هەر بۆیە ساڵانەش فێستیڤاڵی تایبەتی هەنجیر ئەنجام دەدەن و ئەمساڵیش چوارەم فێستیڤاڵی هەنجیر ئەنجامدرا، کە هەم بەرهەمەکەیان دەناسێنن و هەم گەشتیار و داهاتێکی باش دەباتە تەق تەق.
پێداچوونەوە: توانا نەقی