عێراق: رێگەنادەین لە عێراقەوە هێرش بكرێتەسەر دراوسێكان

ئێران و عێراق رێكەوتوون رووبەڕووی گروپە چەكدارەكان ببنەوە

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

عێراق و ئێران رێککەوتوون بەیەکەوە رووبەڕووی گروپە چەکدارەکان ببنەوە و لەسەر خاکی عێراقیش هێرش نەکرێتەسەر وڵاتە دراوسێکانیان.

دوای گەڕانەوەی شاندی حکومەتی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، دەستبەجێ وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقی کرد.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، دوای چوار کاتژمێر کۆبوونەوە لەگەڵ فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ستایشی عێراقی كرد لەبەرەوپێشچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و سوپاسی هەوڵەكانی بەرپرسەكانی عێراق کرد لەفراونكردنی پەیوەندییە هەرێمایەتییەكانیدا.

زۆر بەوردی باسی بابەتە ئابوورییەكان و شایستە داراییەكانی ئێران لە عێراق و پارەی گاز و كارەبامان كردووە، تەنانەت ئەو باسەمان لەگەڵ ئەمریکییەکانیش باس کردووە

فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی هاوتا ئێرانییەکەی بۆ عێراق بەگرنگ ناوبرد، ئاشکرایکرد کەباسی بابەتی ئەمنی ناوچەکەیان کردووە.

“ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین سنوورەكان بەباشترین شێوە بپارێزیین، كاردەكەین كە رێگەنەدرێت گروپەكان سنوورەكان تێپەڕێنن، بەروونی وتومانە نابێت خاكی عێراق سوودی لێوەربگیرێت بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكان”.

عێراق و ئێران دەستیانکردووە بەنووسینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە

لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش کە ئێران دەخوازێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بۆ 12 ملیار دۆلار لەساڵێکدا بەرز بکاتەوە، لەو کۆبوونەوە ئەو پرسە یەکێک بووە لەتەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.

فواد حوسێن وتی “زۆر بەوردی باسی بابەتە ئابوورییەكان و شایستە داراییەكانی ئێران لە عێراق و پارەی گاز و كارەبامان كردووە، تەنانەت ئەو باسەمان لەگەڵ ئەمریکییەکانیش باس کردووە، تەنانەت باسی هێڵی میترۆشمان کردووە لە ئێرانەوە بۆ شەلەمچە”.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کەدەیانەوێت ئەمریکا و ئێران دەستبە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەمەش عێراق ئامادەیە بۆ نێوەندگیری و دەستپێشخەری.

 دەستپێشخەریمان بۆ گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمی عەبدوڵڵاهیان لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: ئێمە پێمان گرنگە فواد حسێن وەك وەزیری دەرەوەی عێراق بمێنێتەوە و رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پۆستەكەیدا.

وتیشی :”پشتیوانی عێراقێكی سەربەخۆ و ئاوەدان و رێكدەكەین، پشتیوانی لە بڕیارەكانی عێراق دەكەین  پشتیوانی سەقامگیری دۆخی عێراق دەكەین، سەركەوتن و ئاسایشی عێراق سەركەوتنی ئاسایشی ئێرانە، گەلی عێراق و ئێران یەك گەلن لە دوو جوگرافیای سەربەخۆدا”.

هەر لە كۆنفرانسەكەدا، ستایشی عێراقی کرد لەبەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سوپاسی هەوڵەكانی بەرپرسەكانی عێراق دەكەین لە فراونكردنی  پەیوەندییە هەرێمایەتییەكانی.

پێمان گرنگە فواد حسێن وەك وەزیری دەرەوەی عێراق بمێنێتەوە و رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پۆستەكەیدا

زیاتر وتی “ئێران بە بەردەوامی رێزی لە سەروەریەكانی عێراق گرتووە، بە بەردەوام لەگەڵ عێراقداین بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بچێتە پێشەوە”.

لەبارەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کەدەستیانکردووە بەنووسینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارانەی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

وتی “پێمانوایە حكومەتی عێراق دەتوانێت نەبێتە سەرچاوەیەك بۆ پەلاماردانی  دراوسێكان ، دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق ئاماژەیانداوە كە دەیانەوێت سنورەكان بپارێزین، داوا لە عێراق دەكەین ئەو رێككەوتنە بخاتەبواری جێبەجێكردنەوە”.