بە برنجی تایلەندی سفرەی رەمەزانی ئەمساڵت بڕازێنەوە
کەشتییە برنجەکە گەیشت
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی بازرگانی عێراق، گەیشتنی 40 هەزار تۆن برنجی تایلەندی راگەیاند و دەڵێ، دەستبەجێ بەسەر بریکارەکانی خۆراکی دابەشدەکەین.
ئەو کەشتیەی برنجە تایلەندیەکەی هەڵگرتبوو، ناوی (KIRWAN)ـە، دوێنێ دووشەممە 20.2.2023 گەیشتۆتە کەناراوەکانی سنووری عێراق.
وەک لەوێنەکان دەردەکەوێت، تیمێکی پشکنین لەسەر کەشتیەکەن خەریکی وەرگرتنی نمونەی برنجەکەن بۆ تاقیگە، تا لەو رێگایەوە بزانرێت ئایا ئەو برنجە شیاوە بۆ خواردن یان نا.
وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەوەشی راگەیاندووە، دوای دەرچوونی برنجەکە لە پشکنین، بڕیارە دابەشی سەر بریکارەکانی خۆراک بکرێت و لەچوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە دابەشی سەر هاوڵاتیان دەکرێت.
برنجەکە بەشێکە لەو پاکێجە سەبەتە خۆراکەی کەپێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراقی رایگەیاندبوو لەمانگی رەمەزان دابەشی دەکات.
بڕی ئەو برنجەی لەسەر کەشتیە تایلەندیەکەیە، 40 هەزار و 200 تۆنە، دەنک درێژی جۆری سپییە، هاوکات لەگەڵیدا 96 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەڵگرتبوو.