ئاگرەکەی چیای بالەکیان. فۆتۆ: بەرگری شارستانی سۆران
"تاوانبار بدۆزنەوە"
بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرەکەی چیای بالەکیان دەستی ئەنقەستە
ژووری هەواڵ
بەرگریی شارستانیی سۆران گومانی هەیە ئەو ئاگرانەی لە چیای بالەکیان دەکەونەوە دەستێکیان لەپشت بێت، داوا دەکات تاوانبار بدۆزرێتەوە.
شەوی رابردوو جارێکی دیکە ئاگر لە چیای بالەکیان کەوتەوە، بەرگریی شارستانیی سۆرانیش دەڵێت، بە دەستی ئەنقەست و زیاتر لە 10 جار ئاگر لە چیاکە بەردراوە.
“ئەم رووداوە لە گومانکردن دەرچووە و بەهەموو پێوەرێک دەستی ئەنقەستە و هیوادارین تاوانبار دەستنیشان بکرێت و توندرین رێکاری یاسای دژی بگیرێتە بەر”، بەرگریی شارستانی وا دەڵێت.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
هەشت تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکە رەوانەی چیاکە کراون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و تا ئێستا سەرقاڵی کوژاندنەوەن.
“ئەمە بۆ 11ـەمین جارە ئاگر لەو چیایە دەکەوێتەوە، ئێمە بەردەوام کۆنترۆڵی دەکەین و لە شوێنێکی دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە گومانمان نییە کە دەستی ئەنقەستە”، رەوەند هاودیانی وای وت.