مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ماسی و هاوڵاتیان
له دیوى شارباژێڕ ئێران به هه‌وه‌سی خۆى ئاو به‌رده‌داته‌وه و دەیگرێتەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌ى زیاتر لە مانگێکه كۆمارى ئیسلامی ئێران له دیوى شارباژێڕه‌وه ئاوى به‌رداوه‌ته‌وه، به‌ڵام رۆژانه‌ش به‌هه‌وه‌سی خۆى ئاوه‌كه ده‌گرێته‌وه و سه‌رله‌نوێ به‌ریده‌داته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ى هاوڵاتیانى سنووره‌كه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر گیانیان و هیچ ماسییه‌كیشی نه‌هێشتووه.
ئاوه‌كه‌ى ئێران له دیوى شارباژێر به چه‌مى كه‌ڵوێ دادێته خواره‌وه كه كه‌وتووه‌ته گوندى ده‌شتێ سه‌ر به قه‌زاى ماوه‌ت، هاوسنووره له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران و ئێستا ئه‌م گونده 25 ماڵى لێده‌ژیت و 72 كیلۆمه‌تریش له‌ناوه‌ندى سلێمانییه‌وه دووره.
هاوژین عه‌لی، پارێزه‌ر و خه‌ڵگى ئه‌م گونده به 964ـى وت، ماوه‌ى زیاتر له مانگێكه ئێران ئه‌م ئاوه‌ى به‌رداوه‌ته‌وه، به‌ڵام رۆژانه‌ش له‌كاتى جیاوازدا ئاوه‌كه ده‌گرێته‌وه و جارێكی دیكه‌ش به‌ریده‌داته‌وه.
وتیشی “هه‌رچه‌نده ئه‌م ئاوه بۆ كشتو‌كاڵى گونده‌كه‌مان سوودى لێ نابیندرێت، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره‌شی بۆ سه‌ر سامانى ماسی دروستكردووه كه له‌كاتى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوه‌كه هه‌موو ماسییه‌كان له‌سنوروى گه‌نده‌كه‌مان راده‌ماڵێت”.
مه‌ترسییه‌كی دیكه كه هاوژین باسی ده‌كات، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه بۆ مه‌به‌ستى پشوودان ده‌چنه سه‌ر رووباره‌كه به‌ڵام ئاگادار نین كه له چ كاتێك ئێران ئاوه‌كه به‌رده‌داته‌وه و زۆرجاران مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى ئه‌م هاوڵاتیانه دروستكردووه.
به‌پێى تێبینى و چاودێرییه‌كانى ئه‌م هاوڵاتییه زۆرجاران ئێران له‌كاتژمێر 4:00ـى ئێواره ئاوه‌كه ده‌گرێته‌وه تاوه‌كو به‌ره‌به‌یان، جاری واش هه‌یه له كاتژمێر 10:00 ـى به‌یانى ده‌یگرێته‌وه تاوه‌كو 10:00 تاوه‌كو ئێواره.
هاوژین ده‌ڵێت، وامان بیستووه كه ئێران كێشه‌ى ڤۆڵتیه‌ى كاره‌بای هه‌بێت و پێویستى به‌وه‌یه كه ئاوه‌كه‌ى ده‌وران بكات بۆیه به‌م شێوه‌یه ده‌یگرێته‌وه و به‌ریده‌داته‌وه.