كەی چاك دەبێتەوە؟

بۆرییە دڵناسكەكە شكا و ئەمشەو دەست بە ئاوەوە بگرن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی كاركردن لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شكاوە، كە بە بۆرییە دڵناسكەكە ناسراوە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش رایگەیاند، درەنگانی ئەمشەو بۆرییەكە چاكدەكرێتەوە.

رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ی وت، ئەمشەو دووشەممە 11.8.2025 بەهۆی كاركردن لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، بۆریی سەرەكیی ئاوی ئیفراز سێ شكاوە، بەڵام تیمەكانیان كاری تێدا دەكەن و خەریكە چاكی دەكەنەوە.

وتیشی، ئیشەكان بەرەو كۆتاییە و هاوڵاتییانیش بێ ئاو نەبوونە، چونكە ئاوی خەزانەكان بەرەو ماڵەكان رۆیشتووە.

“ئەمشەو دوای چاككردنەوەی بۆرییەكە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاو و گەیشتنی بە گەڕەكەكان چەند كاتژمێرێكی دەوێ و تا سبەی ئاو ناگاتە ماڵەكان، بۆیە داواكارین هاوڵاتییان دەست بە ئاوەوە بگرن”.

سەبارەت بەو گەڕەكانەی تا سبەی ئاویان پێناگات، رابەر حوسێن وتی، “لە شەقامی 120 مەتری تا كۆلیژی پۆلیتەكنیكی هەولێر، لە شەقامی 60 مەتری لە گەڕەكی وەزیرانەوە تا ئیسكان، هەروەها لە شەقامی 40 مەتری لە نزیك نەخۆشخانەی منداڵبوون تا شەقامی رووناكی و بارەگەی كۆنی رۆژنامەی خەبات”.

ئیفراز سێ چاککرایەوە و ئاو گەشتەوە ناو هەولێر

ئیفراز سێ چاککرایەوە و ئاو گەشتەوە ناو هەولێر