لەناو کۆگاکان شکابوو

ئیفراز سێ چاککرایەوە و ئاو گەشتەوە ناو هەولێر

ئەحمەد مستەفا

درەنگانی ئەمشەو 7.8.2025، بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر چاککرایەوە، ئەوەش پاش ئەوەی دوێنی چوارشەممە 6.8.2025، لە گوندی ئیفرازی هەولێر دووچاری شکان هاتبوو.

بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 1:37 خولەکی درەنگانی ئەمشەو لە پێگەی خۆی نوسیوویەتی، پاش ئەوەی تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بۆری شکاوی ئاوی ئیفرازی سێیان چاککردەوە، ئاو گەیشتەوە ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە بەهۆی شکانی بۆرییەکە کەمتر لە 24 کاتژمێر بێ ئاو بوون.

ئەو بۆریییە کە یەکتبڕی ئاوی ئیفرازی یەک و دووە، لە ناو کۆگای پاڵاوتنەکەی لە نزیک گوندی ئیفرازی هەولێر شکابوو، شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بە بەردەوامی، وای لە بەشێک لە هاوڵاتیان کردووە بە بۆرییە دڵناسکەکە ناوی بهێنن، بەڵام راستی شکانی ئەو بۆرییانە بۆ کۆنی و فشاری ئاوەکەیە لەسەریان.

پێشتر، رابەر حوسێن، بەرێوه‌بەری ئاوی هەولێر به‌ 964ـى وت، بەهۆی ئاوی کۆگاکراو شكانى ئه‌و بۆرییه‌ كاریگەری نابێت، لەسەر كەمبوونەوەی ئاو و هەموو تیمە تەكنیكیەكان خەریكی چاكردنەوەی بۆرییەكه‌ن و لە ماوەیەكی زۆر كورتدا چاكدەكرێتەوە.

هەولێری نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆکان، مامۆستایان، قەڵاتی نوێ، هاوکاری، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە، 94ـی باداوە، زانکۆ، گەڕەکەکانی ناو شەقامی 60 مەتری و هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆڕش و جادەی کەرکوک لە بۆری ئیفراز سێوە ئاویان پێ دەگات.