هەناردەی دەکەن
ئەمریکا خواستی لەسەر هەنگوین و تەحینی کوردستانە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر، کارئاسانی بۆ بازرگان و پیشەوەران دەکات تاوەکو بەشداری پێشانگا و کۆڕبەندە جیهانییەکان بکەن و لە هەولیشدایە هەنگوین و تەحینی کوردستان هەناردەی ئەمریکا بکات.
ماوەی رابردوو لە یەکەمین قۆناخدا، 15 تۆن تەحین هەناردەی ئەمریکا کراوە.
مەعروف هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، بە 964ـی وت، رێککەوتنمان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتان هەیە کە هەر پێشانگایەک یاخود کۆڕبەندێکی بازرگانی بکرێتەوە ئێمە ئاگاداردەکەنەوە، زۆربەی جاریش ئۆفەری باشمان پێدەدەن وەکو تکتی فڕۆکە و مانەوە لە هۆتێل، ئێمەش بەپێی بوارەکە ئاگاداری بڵاودەکەینەوە بۆ بازرگان و پیشەوەرەکانیش دێن و خۆیان تۆمار دەکەن.
وتیشی، بازرگانەکان لەو سەردانی کردنانە سودێکی زۆر وەردەگرن لەو بیرۆکە بازرگانیانەی کە لەو پێشانگاییانە دەخرێتە روو، هەروەها چەند گرێبەستێکیش ئەنجام دەدرێن و بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانەش هاوردەی کوردستان دەکرێن.
لەکۆتاییشدا، مەعروف هەرکی وتی، بەهەمان شێوە بازرگانەکانی دەرەوەی وڵاتیش سوود لە کاڵا و بەرهەمەکانی ئێمەش وەردەگرن، بۆ نمونە لەگەڵ بەشی ئابوری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر هێلێن بۆ هەناردە کردنی هەنگوین و تەعینی کوردستان بۆ ئەمەریکا.
پێشانگاکان پێکهاتوون لە پێشانگای خواردن و جل و بەرگ، دەرگا و پەنجەرە، کشتوکاڵ، کۆڕبەندی تەکنەلۆژیا، چەند پێشانگایەکی تریشن، وڵاتەکانیش ئۆکڕانیا و هیندستان، ئەرمینیا، جەزائیر و تورکیان و زۆربەیانیش لە مانگی نۆ دەکرێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا