هاتوچۆی سۆران نایەوێ‌ ئازار به‌ منداڵەكانیان بگات

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هاتوچۆى سۆران له‌رێگه‌ى پلانێكه‌وه‌ رووداوه‌كانى هاتوچۆى به‌رامبه‌ر قوتابیان و خوێندكارانى سنووره‌كه‌ى كه‌مكردووەته‌وه‌ و به‌رپرسی راگه‌یاندنیش ده‌ڵێ “هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ چیتر منداڵه‌كانمان نه‌بنه‌ قوربانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ”.

تۆڕى 964 ده‌زانێت، له‌ ساڵى 2010 لە رووداوێكی هاتوچۆدا 24 قوتابی لە سۆران، بریندار بوون و چوار قوتابیش گیانیان لەدەست دا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى سۆرانیش له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا، له‌ رێگه‌ى پلانێكی هه‌میشه‌ییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كى داوه‌ته‌ پاراستنى گیانى منداڵانى سنووره‌كه‌ی و رۆژانه‌ش كار له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌ى ده‌كات.

ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، ئه‌وه‌ى روونكرده‌وه‌ ئه‌وان له‌ رێگه‌ى ئه‌و پلانه‌یانه‌وه‌ تا راده‌یه‌كى زۆر سه‌ركه‌وتوو بوونه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى رووداوه‌كانى هاتۆچۆ، كه‌ رووبه‌ڕووی قوتابیان و خوێندكارانى سنووره‌كه‌یان ده‌بوونه‌وه‌.

وتیشی “له‌ دواى رووداوه‌كه‌ى ساڵى 2010 رێژه‌ى قوربانیدانى قوتابیانمان به‌ رووداوه‌كانى هاتوچۆ كه‌مكردووەته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵ تا ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌مان هێناوه‌ته‌ سه‌ر سفر”.
به‌ پێی ئامارێكی تایبه‌تیش، لە 2011 به‌ هۆى رووداوى هاتوچۆوه‌، شه‌ش قوتابی بریندار بوون و یەك قوتابیش گیانی لەدەست دا، لە 2022 تەنیا 3 قوتابی لە رووداوی هاتوچۆ بریندار بوونە.

ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، “ئه‌مساڵ تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی رووداوى هاتوچۆمان نییه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى قوتابیانمان بووبێته‌وه‌”.

له ‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكی پلانه‌كه‌یان، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دەڵێت، “بەردەوام خول و راهێنان و رێنمایی به‌ هەردوو شێوەی تیۆرى و پراكتیكیی بۆ قوتابیان و خوێندكاران پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت بە شێوەیەكی كردارییش قوتابییه‌كان دەبەینە سەر شەقامەكان”.

به ‌قسه‌ى به‌رپرسی راگه‌یاندن، ئەمساڵ لە رۆژی جیهانی قوربانیانی هاتۆچۆدا 10 هەزار پۆستەریان بڵاوكردووەته‌وه،‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ رێنماییدان.

هه‌ر به ‌پێى ئه‌و پلانه‌، هاتوچۆى سۆران له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى خوێندندا له‌گه‌ڵ ته‌واوى پاس و مینی پاسه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌، ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌ ‌ چۆن هاتوچۆ به‌و قوتابیانه‌ ده‌كه‌ن.
وتیشی “ته‌نیا له‌مساڵدا شەش سیمینارم لە پەیمانگەكانی سۆران پێشكەش كردوو”.

له‌ ناو ئه‌و پلانه‌ به‌رده‌وامه‌ى هاتوچۆى سۆران، هه‌فته‌ى هۆشیاریی هاتوچۆ هه‌یه‌، كه‌ تێیدا سەردانی قوتابخانە و باخچەی منداڵان ده‌كرێت و سیمیناری وشیاری هاتوچۆیان پێشکەش ده‌كه‌ن و هێماکانی هاتوچۆشیان پێده‌ناسێنن.