هەورامی و کاکەییەکان داوای خوێندن بە هەورامی دەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هەورامی و کاکەییەکانی هەڵەبجە داوا دەکەن شێوەزارى هەورامی لە پرۆگرامى خوێندندا جێگەى بکرێتەوە، دەڵێن خوازیارن منداڵەکانیان بتوانن بە شێوەزارى باو و باپیرانیان بخوێنن.

هەورامییەکان و بەشێک لە کاکەییەکانی هەڵەبجە رۆژی دووشەممە  20.2.2023لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، کاکەییەکانى شارى هەڵەبجە ژمارەیەکى زۆر خوێندکاریان لە ناوەندەکانى خوێندندا هەیە، بۆیە داوا دەکەین خوێندنیان بە شێوەزارى گۆران (هەورامی) بۆ فەراهەم بکرێت.

لە کۆنفرانسەکەدا عاسى کاکەیی، نوێنەرى کاکەییەکان وتی، شێوەزارى گۆران زمانى کتێبى پیرۆزیی ئێمەیە و ئەگەر شێوەزارى هەورامى زمانى گفتوگۆبێت بۆ هەورامییەکان، ئەوا بۆ ئێمە ئەو شێوەزارە زمانى گفتوگۆمانە لەگەڵ خودا.

بە وتەی عاسى کاکەیی، داواى خوێندن بە شێوەزارى هەورامى تەنیا خواستى هەورامیەکانیش نییە، بەڵکو داواى کاکەیی و یارسانەکانى ئەو ناوچەیەشە.

نەتەوەیەکگرتوەکان رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێکی بە رۆژی زمانی دایک لە جیهاندا دیاری کردووە و ئەم داوایەى هەورامی و کاکەیی و یارسانەکانیش رۆژێک بەر لەو وادەیە دێت.