"گومان دەکرێت دەرمان کرابێتە روبارەکە"
لێکۆڵینەوە لە مرداربونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و زیندەوەرانی دیکەی رووباری سیروان دەکرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە نزیک گوندی بەردەسوری کۆن لە قەزای کەلار، ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و زیندەوەرانی دیکەی ناو رووباری سیروان سەرئاوەکەوتون و مرداربونەتەوە، لیژنەیەکیش بۆ ھۆکاری مرداربونەوەی ماسیەکان دروستکراوە.
ئاریان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری گەرمیان بە 964ـى وت، درەنگانێکی شەوی رابردوو باسی مرداربونەوەی ئەو ماسیانە بڵاوبویەوە، ئێوارەی ئەمڕۆش لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم ئاگادارکراونەوە کە لێکۆڵینەوە لە مرداربونەوەی ئەو ماسیانە بکرێت.
وتیشی “بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان و ڤێترینەری گەرمیان راسپێردراون بە لێکۆڵینەوە، سبەینێ چوارشهممه لیژنەیەک دەڕۆینە جێگاکە و دەستدەکەین بە لێکۆڵینەوە و پشکنینی ماسیەکان “.
ئاماژەی بەوەشکرد، گومان دەکەن راوچی دەرمانی کردبێتە ناو روبارەکە بۆ گرتنی ماسی، بەڵام تا پشکنین نەکەن دڵنیا نابنهوه، لەوانەشە ھۆکاری نەخۆشی یان دابەزینی ئاستی ئاوهكه بێت.
بهقسهى ئاریان ئیبراھیم، ئەگەر دەرمان کرابێتە روبارەکە ئەوا پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ گرتنی ئەو کەسەی کارەکەی ئەنجامداوە و سزا دەدرێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن