بە ڤیدیۆ.. پارەی بەنزین نادات و رادەکات
چەند شۆفێرێک فێری ئەم جۆرە فێڵانە بوون
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
لەڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت شوفێرێک لە بەنزینخانەیەک دوای تێکردنی بەنزین، پارە نادات و رادەکات، خاوەنی بەنزینخانەکەش دەڵێ حاڵەتی لەمجۆرە بەردەوام روودەدات.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە بە میدیازان دراوە، لە بەنزینخانەی هیوا ئۆیل ٣، شوفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی، دوای ئەوەی شاگردی بەنزینخانەکە بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەی دەکات، لەبڕی ئەوەی پارەی بەنزینەکە بدات، پێ دەخاتە سەر سکلێتەری بەنزین و پێلێدەنێ و بەنزینخانەکە جێدەهێڵێت، شاگردەکەش بەدەست ئاماژەی پێدەکات کە بوەستێت.
حاجی بەختیار برایم، ژمێریاری بەنزینخانەکە بە میدیازانی راگەیاند، رووداوەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو روویداوەو ئەو کەسە بایی ١٥ هەزار بەنزینی تێ کردووە، ئەمەش یەکەم حاڵەت نیە، پێشتریش کەسانی تر هاتوون و پارەیان لەلا نەبووە.
“خەڵک هەبووە بەنزینی تێ کردووە بایی ٢٥ هەزار، وتویەتی خەڵکی سلێمانیم کە گەڕاومەوە پارەکەت بۆ دەنێرم و دواتریش نەیناردووە، هەبووە تەسکەرەو ناسنامەی جێهێشتووەو ئێستا زیاتر لە ١٠ ناسنامەمان لایەو خاوەنەکەی بۆی ناگەڕاوەتەوە، بۆیە ئەو حاڵەتانە بەردەوامەو ئەمەش وایکردووە پەنا نەبەین بۆ پۆلیس و تۆمارکردنی سکاڵا”.
” ئێستا زیاتر لە ١٠ ناسنامەمان لایەو خاوەنەکەی بۆی ناگەڕاوەتەوە”
میدیازان دەزانێت، بڕی پارەکە کە یەکسانە بە رۆژانەی ئەو شاگردەی دەست رادەوەشێنێت بۆ شوفێرەکە کە بوەستێت و پارەکە بدات و، ئەو پارەیەش لە ژمێریاری بەنزینخانەکە لە رۆژانەکەی بڕاوە، بەڵام خاوەنی بەنزینخانەکە دواتر بۆی گەڕاندووەتەوە.
مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند کە لەسەر ئەو رووداوە خاوەن بەنزینخانەکە ئاگاداری پۆلیسی هەولێری نەکردووەتەوە تا رێکار بگرینەبەر بۆ دەستگیرکردنی شوفێرەکە.
وتیشی “زۆر رووداو هەیە کە ڤیدیۆی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەست بە رووداوەکە سکاڵا تۆمار ناکات تا پۆلیس بە بڕیاری دادوەر، رێکار بگرێتەبەر بۆ گرتنی ئەو کەسە”.