وەزارەتی بازرگانیی عێراق:

“تا 2027 گەنمی عەمباركراومان هەیە و ئەمساڵیش پێنج ملیۆن تۆن وەرگیراوە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای كرد، ئەم وەرزە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە، راشیانگەیاند، ئەو گەنمەی ئێستا عەمبار كراوە، تا ساڵی 2027 پێویستییەكان دابین دەكات.

حەیدەر نوری عەركاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە، سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 4.8.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، “بڕی ئەو گەنمەی کە لە وەرزی 2025دا لە جوتیاران وەرگیراوە، پێنج ملیۆن و 119 هەزار تۆن بوو، بۆ سێیەم ساڵیشە لەسەریەک خۆبژێوی بەدیدێت”.

روونیشیکردەوە، “ئەو بڕەگەنمەی پار وەرگیرابوو، شەش ملیۆن و 302 هەزار تۆن بووە، لە کاتێکدا ساڵی پێشووتریش پێنج ملیۆن و 194 هەزار تۆن بوو.

“بەرهەمهێنانی گەنم لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە، ئەمەش بڕی ساڵانەی پێویستە بۆ دابینكردنی بەکارهێنانی ناوخۆیی، هەر شتێک لەوە زیاتر بێت بە پشکی ستراتیژی دادەنرێت”، ئەمەش قسەی حەیدەر نوری عەركاوییە.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە رایگەیاند، ئەو گەنمەی ئێستا كۆگاكراوە، نزیكەی شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆنە، رێژەی بەکاربردن تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ مسۆگەر کراوە، بڕی پێویست هەیە تا سەرەتای ساڵی 3037، کە سەقامگیری لە دابینکردنی گەنمدا مسۆگەر دەکات.

زیاتر لە 390 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

زیاتر لە 390 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

سەبارەت بە پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی پلە سفر لە ناوخۆی عێراق، عەركاوی دەڵێت، “بەرهەمهێنان لە مانگی نیسانی 2024 دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە لەنێوان 10 بۆ 12 ئاش خراونەتە كاركردنەوە، پڕۆژەکەش سەرکەوتوو بووە لە دابینكردنی نزیکەی 40%ی ئاردی پلە سفر، كە بەشەكەی دیكەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت.

عەركاوی پێی وایە لە دوو ساڵی داهاتوو ئاردی سفر بە ئاستێك لە ناوخۆی عێراق بەرهەم دەهێنرێت، كە پێویست ناكات لە دەرەوەی عێراق هاوردە بكرێت.

ئەمساڵ بەشێك لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانیش لە لایەن بەغداوە وەرگیراوە، بەشێكیشان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە لە جوتیارانی وەرگرتووە.