زۆنگاوەکان قوربانى یەکەمى گۆڕانکارى کەشوهەوان لە عێراق

ماسى و گامێش و قامیش بەرەو لەناوچوونن

964+

وریا فەتاح

قەیرانی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، توێژەرێکى ژینگەیى ئاشکراى دەکات، زۆنگاوەکان قوربانى سەرەکی ئەو گۆڕانکارییەن و سامانى ماسى و گامێش و قامیش روولە ناوچوونن.

خالید سلێمانى کە نوسەر و توێژەرێکى ژینگەیى پڕۆفیشناڵ و بەسەلیقەى بوارى ژینگە و گۆڕانکارى کەشوهەوایە بە 964ـى وت،” داتا نوێیەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دووپاتی دەکەنەوە کە ئەمساڵ یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان، بەشێوەیەک لە ساڵى 1933ـەوە نەگەیشتووەتە ئەو حاڵەتەى ئێستا، چونکە کۆگاکردنى ئاو بەراورد بە 2024 بەڕێژەى 57% کەمییکردووە”.

وەک ئەوەى ئەو توێژەرە باسى دەکات، کاریگەرى کەمبوونەوەى ئاو لە عێراق، سەرەتا لە باشوور دەردەکەوێت، زۆنگاوەکانیش بەرکەوتەى سەرەکین.

خالید سلێمانى لە بەدواداچوونەکانى بۆ کاریگەرییەکانى کەمبوونەوەى ئاوى زۆنگاوەکان، گەیشتووە بەوەى کە کاریگەرییەکانى زۆر مەترسیدارن، چونکە 95%ـى سامانى ماسى بەرەو لەناوچوون چووە، هەروەها 40%ـى گامێشەکانیان لەدەستداون، ئەم دووانەش سەرچاوەى سەرەکی ژیانى ئابوورى لۆکاڵى ئەو خەڵکانەن کە لە زۆنگاوەکان دەژین.

جگە لە گامێش و ماسى، رووەکی قامیشیش بەرەو نەمان دەچێت کە سەرچاوەیەکی تری ئابووریی ناوخۆییە، چونکە خانووی کۆنی سۆمەری لێ دروست دەکرێت کە وەک ئایکۆنێکی کولتووری و میراتی و مێژوویی لە عێراقدا دادەنرێت

ئەو پێى وایە، سیاسەتى وڵاتانى دراوسێ بەتایبەت تورکیا و خراپ ئیدارەدانى ئاو لەلایەن عێراقەوە، هۆکارى سەرەکى ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەن.

“لە عێراقدا، ئیدارەدانى ئاو، ئیدارەدانێکى زۆر دواکەوتوو و تەقلیدییە، بەتایبەت لە کۆکردنەوە و دابەشکردنى ئاو، چونکە نەتوانراوە ئیدارەدانەکە بەشێوەیەک بێت لە ئاوى کۆگاکرا و بەشى تاک و پیشەسازى و ئاودێرى و کشتوکاڵى، لەبەرچاو بگیرێت”، خالید سلیمان واى وت.

دەشڵێت: تائێستا لە عێراق ئاوى جێگیرەوە دەستى بۆنەبراوە، (مەبەست لەو ئاوەى شیرینەى 46 ملیۆن کەس بەکارى دەهێنێت و خەرج دەکرێت)، نەتوانراوە جارێکى تر پاکبکرێتەوە و بەکاربخرێتەوە، بەتایبەت بۆ پیشەسازى و پیشەسازى نەوت و ئاودێرى”.

بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت پێنج بەرمیل ئاوى سازگارى پێویستە

ئەو نمونە بەوە دەهێنێتەوە کە بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت، پێویستى بە سێ بۆ پێنج بەرمیل ئاوە کە دەکرا لە جیاتى ئاوى شیرین و سازگار، سود لە ئاوى جێگرەوە وەربگیرایە.

جەختیش دەکاتەوە، کاریگەرییەکانی ئەم واقیعە ژینگەییە لەسەر زۆنگاوەکان دروستبووە، لە پلەی یەکەمدا هەڕەشە لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی دانیشتووان دەکات، چونکە دەبێتە هۆی کۆچکردنی هەمیشەیی دانیشتووان لە دەرەوەی زۆنگاوەکان، کە لەوانەیە شێوازی ژیانی هۆری بە تەواوی بسڕێتەوە و میراتی کولتووری و ژینگەیی لەدەست بچێت. سەرەڕای ئەوە، کۆچکردن کاریگەری لەسەر نەوەکانی دانیشتووانی هۆرەکان لەنێو شارەکاندا بەجێدەهێڵێت، وەک دەڵێت،” قورسە بۆیان لەگەڵ ژینگەی شار و رێگاکانی بژێویدا خۆیان بگونجێنن، جگە لەوەی کە دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆیان لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شارستانیدا ئەستەمە، ئەمەش وایان لێدەکات وەک کۆمەڵگەیەکی هەژار و پەراوێزخراو بمێننەوە”.

لەیەک ساڵدا؛ بەنداوى دوکان و دەربەندیخان 47%ـى ئاو و 81%ـ...

لەیەک ساڵدا؛ بەنداوى دوکان و دەربەندیخان 47%ـى ئاو و 81%ـى بەرهەمهێنانى کارەبایان لەدەستداوە