یاریزانانی یانەی هەولێر
ئەمڕۆ دەرگای یانەكە دەكرێتەوە
سەرۆكێک بۆ یانەی هەولێر دەستنیشان كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ئەوە راگەیاندرا كە پارێزەر و سەرمایەداری هەولێر سەفین یاسین كرایە سەرۆكی یانەی هەولێر، هەرچەندە ئەو لە هەڵبژاردنی یانەكە خۆی كاندید نەكردبوو، بەڵام ئەندامی دەستەی گشتیی یانەكە بوو.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو رایگەیاند، لە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی یانەی هەولێر بەردەوام دەبن و ئەمڕۆش دەرگای یانەی هەولێر دەكرێتەوە، كە لە دوای هەڵبژاردنی یانەكە بە دوو رۆژ، دەرگای یانەكە داخرابوو.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لیژنەی هونەری بۆ هێنانی یاریزان پێكدێت، لیژنەی دارایی بۆ كۆكردنەوەی داهاتی یانەكە دادەنرێ و وتەبێژی فەرمی یانەكەش دیاریی دەكرێت.
یانەی هەولێر لە 15.7.2025 هەڵبژاردنی ئەنجام دا و شەش كەس بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵبژێردران، بەڵام دوو رۆژ دواتر دوو كەس لەوانەی دەرچووبوون، دەستیان لەكاركێشایەوە و ئیتر ئیشەكانی یانەكە وەستان و تەنانەت قفڵ لە دەرگای یانەكەش درا.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دەستەكە دەستبەكار دەبن و ئەندامێكی دیكەش بۆ دەستەكە زیاد دەكرێت و ئەوانەی دەستیان کێشابووەوە دەگەڕێنەوە، ئەوانیش وەك حكومەت و پارێزگا پاڵپشتیی یانەكە دەكەن و ئەوەی كێشەش بۆ یانەكە دروست بكات، رووبەڕووی دەبنەوە.