دایە مەتریفە چیرۆکی خۆی بۆ 964 دەگێڕێتەوە

“حەجاج قامچییەکی لێداوم ئێستاش ئێشەکەى لە دڵم ماوە”

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

مەتریفە ئەحمەد، ژنێکی رزگاربووی شاڵاوی ئەنفالە لە دوزخورماتوو، باس لەو ساتە دەکات کە حەجاج قامچییەکی لێداوە و دەڵێت “تا ئێستاش ئازاری ئەو قامچییە لە رۆح و گیانمدا ماوەتەوە”.

ساڵی 1988، مەتریفە و سەدان کوردی دیکە دەگوازرێنەوە بۆ مەرکەز شەبابی خورماتوو، لەوێشەوە بۆ تکریت و دواتر بۆ بیابانەکانی نوگرەسەلمان، دایە مەتریقە بە بۆنەى دەستگیرکردنى یەکێک لە جەللادەکانى ئەنفال بەناو حەجاج، چیرۆکى خۆى بۆ 964 گێرایەوە و وتى، “ماوەی شەش مانگ لە نوگرەسەلمان بە هەموو شێوەیەک ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدراین، رەحم بە هیچ کەسێک نەدەکرا، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووین”.

یەکێک لەو رووداوانەی کە لە یادەوەریی مەتریفەدا هەر ماوەتەوە، ئەو رۆژەیە کە هەوڵی دەستخستنی قومێک ئاوی بۆ کچە نەخۆشەکەی داوە، وەک دەڵێت، “لەکاتێکدا سەرقاڵی هێنانی ئاو بووم، حەجاج بە قامچییە رەشەکەیەوە پەلاماریدام و تا هێزی تێدابوو لە پشتمی دا”.

ئێستا و دوای بیستنی هەواڵی دەستگیرکردنی حەجاج، مەتریفە هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکات، “وا دەزانم تازە لەدایکبوومەتەوە، داواکارم دادگایەکی عادیلانە بۆ حەجاج بکرێت و بە سزای خۆی بگات.”، دایە مەتریفە واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح